نوێترین زانیاری لەبارەی ڕاگیرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

 نوێترین زانیاری لەبارەی ڕاگیرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی باشووری عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق هەندێ تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕاگیراون.

ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دوو هێڵی سۆشیال میدیا (فەیسبووک و ئینستاگرام ڕاگیراون، بەڵام ئەنتەرنێت کار دەکات و ڕاگرتنی سۆشیال میدیاش هەتا کاتێکی نادیار دەبێت".

ئومێد محەمەد، هۆکاری ڕاگرتنی هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ئەم بارودۆخی ئێستای عێراق گەڕاندەوە کە هەندێ لە شارەکانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە".

لەبارەی دەنگۆی هێرشکردنە سەر دوو هێڵ و کێبلی ئەنتەرنێت لە سنووری خورماتوو، ئومید محەمەد ئاشکراشی کرد: "بەغدا ئەو زانیاریەانەی بڵاو کردووەتەوە کە دوو هێڵ لەو ناوچانە پچڕاون".

ماوه‌ی نۆ ڕۆژە‌ خۆپیشاندان له‌ پارێزگاكانی باشووری عێراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و گەندەڵی‌ دەستی پێکردووە و حكوومه‌تی عێراقیش دوو تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك و ئیسنتاگرام)ی داخستووه‌ و ئەم ڕاگیرانە تەنیا شارەکانی عیراقی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو شارەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و گرفت بۆ دامودەزگا و ناوەندە میدیایی و کۆمپانیاکان ساز بووە.











باسنيوز

Top