نەدا مێرگەسۆری: عێراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا دەڕوات.. تەوافوق و شەراكەت نەماوە
ئێستا تەمەنی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی پێ هاتووە، بە بێ ئەوەی چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە یەكلا كرابێتەوە، لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامی ئەو دەنگانەی بە دەست دەژمێردرێنەوە، ئەگەری زۆرە كێشە بكەوێتە نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمەیش عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەكی دیكەوە.
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەو هەلومەرجەی عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت، پاش هەڵبژاردنەكانی 12 مانگی 5، گۆڕانكاریی بەسەر باردۆخی عێراقدا هێناوە، ئەو وڵاتە بە قۆناغێكی مەترسیداردا دەڕوات، بە تایبەتی كە نێو ماڵی شیعە وەك جاران نەماوە و دووبەرەكی كەوتووەتە نێوانیان، هەروەها پاش ساڵی 2014 تەوافوق، تەوازن و شەراكەت لە عێراقدا نەماوە، بۆیە عێراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا دەڕوات، ئەگەر حكوومەتی داهاتوویش لە ماوەیەكی نزیكدا پێك نەهێنرێت، رەوش خراپتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت حكوومەتی دابێ، حكوومەتی هەموو پێكهاتەكان بێت و بە یەك چاو سەیری هەموو تاكێك بكات، ئەگەرنا بارودۆخەكە خراپتریش دەبێت".
مێرگەسۆری، هەروەها ئاماژەی دا: "لە 1/7ـەوە تەمەنی پەرلەمان تەواو بووە و عێراق كەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە، پێویست بوو تا ئەو كاتە پەرلەمانتارانی نوێ دەستبەكار بوونایە، بەپێی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و بڕیاری دادگا، كە هەر كەس و لایەنێك بۆ خۆی بە جۆرێك ئەو بڕیارە لێك دەداتەوە، لەبەر ئەوەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان سێ مانگ دەخایەنێت، ئەوەش وا دەكات كە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دوا بكەوێت، كە بێگومان ئەمەیش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت".
kdp -
