یەکێتی پێشبینیی زیادبوونی کورسییەکانی پارتی دەکات

 یەکێتی پێشبینیی زیادبوونی کورسییەکانی پارتی دەکات
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێشبینی دەکات، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز بێتەوە.

بڕیار بوو سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە ١٤/٧/٢٠١٨ پرۆسەی دەستژمێری بۆ دەنگەکانی سندووقەکانی دھۆک و مووسڵ دەست پێ بکات، بەڵام پرۆسەکە بەبێ دیاریکردنی ھۆکارەکەی، بۆ دوای نیوەڕۆ دواخراوە.

دڵدار زاخۆیی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دھۆک بە ماڵپەڕی (ئەلغەد پرێس)ی راگەیاندووە، دادوەرانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەنگەکانی ١٠٦ سندووقی تانەلێدراوی دھۆک و ٢٢٥ سندووقی تانەلێدراوی نەینەوا بە دەست دەژمێرنەوە.

دڵدار زاخۆیی پێشبینی کردووە، کە ھیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی دەنگەکان و رێژەی لایەنەکان لە دھۆک روو نەدات، ”بەڵام پێشبینی دەکەین پارتی لە پارێزگای نەینەوا کورسییەکی دیکە بەدەست بھێنێت“.

بەپێی ئەنجامە بڵاوکراوەکان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، کە لە رۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام درا، پارتی ٢٥ کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست ھێنا، کە شەش کورسییان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بوون و بەپێی پێشبینیی ئەو بەرپرسەی یەکێتیش، ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە نەینەوا دەبێتە حەوت کورسی.

پێشتریش لە دوای پرۆسەی دەستژمێریی دەنگەکان لە پارێزگای ھەولێر، کۆمسیۆنی باڵا رایگەیاند، ئەنجامی دەستژمێری و ژماردن بەشێوەی ئۆتۆماتیکی لە ھەولێر وەک یەک بووە و ھیچ ساختەکارییەک نەکراوە.

رۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام درا. ھەرچەندە تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەو لایەنانەی بەپێی ئەنجامە بڵاو کراوەکان دەرنەچوون، پێیان وایە لە ھەڵبژاردن و پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەکی تۆماتیکی، ساختەکاری کراوە بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و ئەنبار و داوای ژماردنەوەی دەنگەکانیان بەدەست، کرد.









باسنيوز
Top