بۆ گەرەنتیکردنی ڕێککەوتنەکان، کورد بە دوای دۆزینەوەی میكانیزمێكەوەیە
هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گۆڕانكاری لە قەوارە لە رووی بەدەستهێنانی دەنگەوە تێدا بوو، سەرباری گۆڕانكاری لە لایەنە سیاسییەكانی پێشووی شیعە بە تایبەت، لە رووی هەڵكشان و داكشانی دەنگەكانیان، وەك عەلی حوسێن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، گۆڕانكاریی دیكە روویان دا، كە بە زەبری هێز كەركووك و چەند ناوچەیەكی تر داگیر كراون، كە ئەوەش داخوازیی كوردی بە گشتی و پارتی بە تایبەتی زیاد كردووە بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنە براوەكانی عێراق بۆ دروستكردنی بەرەیەك تاوەكو كابینەی نوێی لەسەر دابمەزرێت".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی، ئاماژەی بۆ ئەو كۆبوونەوانە كرد، كە لەگەڵ چەند لایەنێكی شیعە و سوننە چ بە سەردان بۆ بەغدا، چ بە هاتنی ئەوان بۆ هەولێر، بیرورا ئاڵوگۆڕ كراون و لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی لە نێوانیاندا دروست بووە، بۆیە گفتوگۆكان بە ئاڕاستەیەكی دروست ناو دەبات، ئاشكرایشی دەكات، كام لایەن گرێنتی داواكانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە خۆیان لە هاوبەشیی راستەقینە، هاوسەنگی، رێیكەوتن، جێ ەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بدات، ئامادەیی بەستنی هاوپەیمانێتییان لەگەڵیدا هەیە، وەكوو پارتیش هێڵی سووریان لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە.
حوسێن ئەوەشی روون كردەوە، لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك كەوا نەتوانرێت لە دوای رێككەوتنیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق، لایەنی بەرانبەر پێشێلی ئەو رێككەوتنە بكات، كە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە، تاوەكو پارتی و لایەنە كوردییەكان بەشداری پێكهێنانی كابینەی نوێ بن. گوتیشی: "ئێمە لە هەوڵداین هاوپەیمانێتییەكی كوردی شیعی و سوننی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە پێك بهێنین".
ئەو، مەترسیی خۆی لە تێكچوونی بارودۆخی عێراق ناشارێتەوە، لە ئەنجامی رێككنەكەوتنی لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراقدا، نموونەیشی بە سەرهەڵدانەوەی داعش لە هەندێ ناوچەدا هێنایەوە، كە بە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی هاوبەشی پێكهاتەكانی عێراق و چارەكردنی كێشەكانی ناوەند و هەولێر، ئەویش بە دەستوور و پێشێلنەكردنی رێككەوتنی هەولێر و ناوەند، وەك چۆن لە پێشتردا پێشێلی كردوون، دەكرێ ئارامییەك لە عێراقدا دروست ببێت، بێ لەوەش لە ناو شیعەشدا ململانێ هەن و پێویستە چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانێتییەكی كوردی كە لە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان پێك بێت، عەلی حوسێن، گوتی: "هەوڵمان داوە كە لایەنە كوردییەكان یەكڕیز و یەكدەنگ بین، بەڵام گەر لایەنەكانی دیكە ئامادەییان تێدا نەبێت، دواجار لایەنە براوەكان، بە تایبەت ئەو لایەنانەی خاوەنی زۆرترین كورسین و نوێنەرایەتیی راستەقینەن، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش زۆرینەی دەنگەكانی هەرێمی كوردستانی بە دەست هێناوە، لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەدا بۆ مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق گفتوگۆ دەكات".
kdp-
