خەسرۆ گۆران دەڵێ، گۆڕانكاری لە رێژەی دەنگی لایەنەكاندا ڕوو نادات

 	 خەسرۆ گۆران دەڵێ، گۆڕانكاری لە رێژەی دەنگی لایەنەكاندا ڕوو نادات
ئەمڕۆ دەست بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگی ئەو سندووقانەی هەولێر دەكرێت كە تانەیان لەسەرە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتییش رایدەگەیێنێت، دەنگەكان گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت. پێشتریش بەرپرسی نووسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاندبوو، پاكترین پرۆسەی دەنگدان لە هەولێر بووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو سندووقانەی لە پارێزگای هەولێر تانەیان لەسەرە و ئەمڕۆ ژماردنەوەی دەستییان بۆ دەكرێت، ٢١٥ سندووقن، خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بە هەژماركردنەوەی دەستیی ئەو سندووقانەی تانەیان لەسەرە، هیچ گۆڕانكارییەك لە رێژەی دەنگی لایەنەكاندا روو نادات، چونكە بەشێكی زۆری ئەو سندووقانەی تانەیان لەسەرە، سندووقی ئاوارەكانی مووسڵن، نەك بنكەكانی پارێزگای هەولێر".

ئەو، هۆكاری زۆربوونی سكاڵا لەسەر سندووقەكانی ئاوارەكانیشی، بۆ شێوازی دەنگدانی ئاوارەكان گێڕایەوە و گوتی: "شێوازی دەنگدانی ئەوان كەمێك ئاڵۆز بوو، چونكە سندووقەكانی ئەوان تایبەت بووە و بەشێكیان مەرجدار بوون، كە دەبوایە لە هەمان بنكەی ئاوارەكان دەنگ بۆ چەند پارێزگایەك بدەن، بۆیە رێكارەكانی درێژتر بوون".

گۆران روونیشی دەكاتەوە، بۆ ئەوەی رێژەی دەنگەكان گۆڕانكاری بەسەردا بێت، پێویستە دەیان هەزار دەنگ بە شێوەیەكی دراماتیكی بكرێتەوە، كە ئەوەش بەپێی ئەو تانانەی لەسەر سندووقەكان هەیە، كۆی دەنگەكانیان ناگاتە دەیان هەزار دەنگ، بۆیە هیچ گۆڕانكارییەك روو نادات، ئەستەمیشە روو بدات. نموونەیشی بە دەنگەكانی هەر یەكە لە پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی هێنایەوە، كە لە دوای ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەو سندووقانەی تانەیان لەسەر بووە، لە سەدا ٩٣ و ٩٤ یەكسان بوون بە ژماردنی ئەلیكرۆنی، كەوایە لە هەولێر رێژەی یەكسانی هەردوو ژماردنەوەكە زۆر زیاتریش دەبێت.

بەرپرسەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، مەرج نییە هەر سندووقێك تانەی لەسەر بێت، ئیدی لە سەدا سەد تانەكە دروست بێت.

پێشتریش كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیاری ژماردنەوەی دەستی بۆ ئەو سندووقانە دەكرد كە تانەیان لەسەرە، عەلی قادر سەرۆكی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو، پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر، پاكترین پرۆسە بووە، گەر بڕیاریش بۆ بە دەست ژماردنەوەی سندووقەكان بدرێت، ئامادەییان تێدایە و دڵنیاشن كە هەمان ئەنجامی پێشووی دەبێت.
kdp-
Top