قەوارەکەی بەرھەم ساڵح: پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە سلێمانی گوماناوییە
حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕايگەیاند: "دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە پێمانوایە پرۆسەکە ڕووبەڕووی ساختەکارییەکی گەورە بوویەوە، دواتر بەھۆی ناڕەزایەتی و فشاری لایەنە سیاسییەکان، ژمارەیەک سندوق کە گومانی ساختەکاری لێ دەکرا، دووبارە بە شێوەی دەستی ژماردنەوە بۆ ئەو سندوقانە کرا“.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەکە وەک خۆی تێپەڕێندرێت و بە دووریشی نەزانی کە هەوڵەکە عێراقی و ئەمریکی بێت.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ئەوەشی خستە ڕوو کە پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بەو چەشنەی کە کراوە، پرۆسەیەکی گوماناوییە، چونکە ”یاساکە پێشێلکراوە، ئەو یاسایەی کە پەرلەمان و دادگای باڵا بریاریان لەسەر دا“. گوتیشی: ”ئێستا لە سلێمانی زیاتر لە ٥٠٠ سندووق سکاڵای لەسەر بووە، کەچی کۆمسیۆن تەنھا ١٨٨ سندووقی ھەژمار کردووەتەوە. لەو ١٨٨ سندووقەش، ٥٣ سندوقیان قردێلەی سووری بەسەرەوە بووە، بێگومان ئەوانە ھەمووی ڕەفز کراونەتەوە، بۆیە پرۆسەی ھەژمارکردنەوە دەنگەکان بەگوماناوی دەزانین“.
باسنيوز
