خۆشحاڵیی هاووڵاتییانی کوردستان بە دۆڕانی ئینگلتەڕا
وەک لە پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێ، هۆکاری خۆشحاڵیی هاووڵاتییانی کوردستان بە دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەڕا بۆ خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە.
کاتژمێر 9ـی شەوی چوارشەممە، هەردوو هەڵبژاردەی کڕواتیا و ئینگلتەڕا لەچوارچێوەی یاری پێش کۆتایی مۆندیالی 2018 لە شاری سان پێترسبۆرگ رووبەڕووی یەک بوونەوە.
لە ئەنجامی یارییەکەدا، کە دوو تایمی 15 خولەکی بۆ کاتی ئاسایی زیاد کرا، هەڵبژاردەی کڕواتیا سەرکەوت بەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیال، کە تێیدا رووبەڕووی هەلبژاردەی فەرەنسا دەبێتەوە.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، ئاشکرا بوو، کە بەریتانیا پاڵپشتیی هێز و میلیشیا عێراقییەکانی کردووە بۆ داگیرکردنی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی.
دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP)ی بەریتانی گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی کەرکووک، واژۆ کرد.
ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنيوز
