ژنێک چەند نهێنییەکی ”بانگخوازە سەماکەرەکە“ ئاشکرا دەکات

 ژنێک چەند نهێنییەکی ”بانگخوازە سەماکەرەکە“ ئاشکرا دەکات
ژنێکی ئەندامی تۆڕی ئۆکتار، چەند نهێنییەکی سەرۆکی رێکخراوەکەی ئاشکرا دەکات.

کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 11/7/2018، عەدنان ئۆکتار، کە بە عەدنان قۆجە دەناسرێت، لەو کاتەی هەوڵی دەدا لە ڤێللاکەی لە ئیستەنبوڵ رابکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.

جەیلان ئۆزگوڵ، یەکێک لەو ژنانەیە، کە بە گوتەکانی عەدنان ئۆکتار هەڵخەڵەتاوە، وەک خۆی دەڵێ و بە رۆژنامەی (حورییەت دەیلی نیوز)ی راگەیاندووە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو کەسایەتییەی تورکیا کراوە، هەموویان بەڵگەدار و راستین.

جەیلان ئۆزگوڵ هەروەها رایگەیاندووە، منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵی و ئەو کچانەی لە قوتابخانەکانی ئۆکتار دەیانخوێند، رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبوونەوە و بەشێک لە کچە نزیکەکانیش لەو ”بانگخوازە سەماکەرە“، بە دەمانچەی بێ مۆڵەتەوە لە شەقامەکان دەسووڕانەوە.

ئەو کچە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بەمەبەستی شارەزابوون لە فیقهی ئیسلامی چووەتە ناو تۆڕەکەی ئۆکتار، بەڵام دوای ئەوەی بۆی دەرکەوتووە، کە ”چەندین تاوانی ئابڕووبەر و ترسناک و پیلانی دژ بە دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدرێ“، تۆڕەکەی بەجێ هێشتووە.

عەدنان ئۆکتار، کە بەردەوام لەگەڵ کچانی نیمچەڕووت دادەنیشێ و باوەشیان پێ دەگرێت، خۆی وەک زانایەکی ئیسلامیی مۆدێرن دەناسێنێت و چەند قوتابخانەیەکی لە شارەکانی تورکیا هەیە، کە کچ و کوڕانی دابڕاو لە خێزانەکانیان تێیدا دەژین و گوێ لە گوتەکانی دەگرن.

پۆلیس و ئاسایشی تورکیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا لەژێر ناوی دژایەتیی ”ریکخراوە تاوانکارییەکان“، کە لە پێنج شاری وڵاتەکە ئەنجامی دا، 235 کەس، کە خۆیان بە شوێنکەوتەی عەدنان ئۆکتار دەزانن، دەستگیر کرد و کەناڵی تەلەڤزیۆنەکەشی داخرا.









باسنيوز
Top