بەرپرسێک پیلانێکی مەترسیداری حەشدی شەعبی لە کەرکووک ئاشکرا دەکات
عەدنان کەرکوکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکوک- گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، گوشار و کێشە دروستکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هاووڵاتییان زیاتر بووە.
عەدنان کەرکووکی هەروەها رایگەیاند، کە ئەو میلیشیایانە بەردەوام هەڕەشە لە ماڵە کوردەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن شارەکەیان پێ چۆڵ بکەن و هاووڵاتییانیش بۆ پاراستنیان، بەپێویستی دەزانن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە.
لەبارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە هێز و میلیشیا عێراقییەکان توانای کۆنتڕۆلکردنی ناوچەکە و شەڕی دژی تیرۆریان نییە.
ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنیوز
