عومەر ئورەیی: دەبێ پەكەكە كێشەمان بۆدروست نەكات و ئەو ناوچانە چۆڵ بكات

عومەر ئورەیی: دەبێ پەكەكە كێشەمان بۆدروست نەكات و ئەو ناوچانە چۆڵ بكات
بەرپرسی لقی پارتی لە ئامێدی گوتی، ماوەیەكە توركیا بە هۆی نزیكبوونەوەی پەكەكە لە ناوچەكانی هەرێم، بەردەوام بۆردوومانی دەكات و گەورەترین زیانیش بەر سنووری ئامێدی كەوتووە، چونكە گوندەكانی سەر سنوور هەمووی چۆڵ كراون، بۆیە باشترین چارە بۆ راگرتنی تۆپباران، كشانەوەی پەكەكەیە لەو ناوچانە.

لە ساڵی 1991ـەوە بە هۆی بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، توركیا بەردەوام تۆپبارانی ئەو ناوچانە دەكات و بەو هۆیەیشەوە بە سەدان گوند چۆڵ كراون و بە دەیان كەسیش بوونەتە قوربانی، ماوەی چەند رۆژێكیشە توركیا زۆر بە چڕی و بەردەوامی ناوچە سنوورییەكان تۆپباران دەكات.

بەرپرسی لقی پارتی لە ئامێدی، عومەر ئورەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "توركیا ماوەیەكە بە بەردەوامی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكات و پەكەكەش رۆژ بە رۆژ زیاتر خۆی لە ناوچەكانی ئێمە نزیك دەكاتەوە و بیانووی زیاتر دەداتە توركیا بۆ ئەوەی بۆردوومانی بكات، پێش چەند رۆژێكیش توركیا لە مانگێشكێ بارەگای سەرەكیی پەكەكەی بۆردوومان كرد و خاپووری كردووە، بۆیە ئەگەر پەكەكە نەبێت، توركیاش ناتوانێ ئەوناوچانە بۆردوومان بكات".

ئورەیی گوتیشی، ماوەیه‌كە توركیا بە چڕی بەرواری باڵا و ئورە و كانی ماسێ بۆردوومان دەكات و گوندەكانی ئەو سنوورە خەڵكەكەی هەمووی ئاورارە بوونە و تەنیا چەند كەسێكی زگورتییان لێ ماوە.

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "ئێمە هیچ پەیوەندی و دانوستانمان لەگەڵ پەكەكەدا نییە، چونكە كەڵكی ئەوەیان نییە دانوستانیان لەگەڵ بكەی و گوێ لە كەس ناگرن و تەنیا ئەوە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت".

لەبارەی چارەكردنی ئەو كێشەیەیش، بەرپرسەكەی پارتی گوتی: "پێویستە پەكەكە ئەو ناوچانە چۆڵ بكات، جگە لەوە هیچ رێگای دیكە نییە بۆ راگرتنی تۆپباران، چونكە تا پەكەكە لەو ناوچانە بێت، تۆپبارانیش بەردەوام دەبێت، بۆیە دەبێ پەكەكە قوربانیدانی خەڵكی باشووری كوردستانی لە بەرچاو بێت و، با چیدی كێشە بۆ كوردستان دروست نەكات".

لای خۆشیەوە، محەممەد مارف، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی باتیفای پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی بوونی پەكەكە لە سنووری ئێمەدا، زیانی زۆر بەر ناوچەكە كەوتووە و ژمارەیەكی زۆری گوندیش چۆڵ كراون، بەپێی ئامارێكیش لە چەند ساڵی رابردوودا لە سنووری شارۆچكەی زاخۆ، زیاتر لە 30 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی".
kdp-
Top