خاوەنكار ئاشتی ئیبراهیم: لەناو ماڵەكەم هەم ئاگام لە منداڵەكانمە هەمیش كاردەكەم
ئاشتی ئیبراهیم خانمە گەنجێكی دەستڕەنگین و بە ئەزموونە لە پاڵ ئەركی دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ كاردەكات و خاوەنكار و بزنسی خۆیەتی.
ئاشتی ئیبراهیم لە بنچینەدا خەڵكی هەڵەبجەی شەهیدە و لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، وەك خۆی باسیدەكات لە قۆناغی ناوەندی بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتی كوردستان لە خوێندن دابڕاوە. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان وێستگەكانی كاركردنی و ئەزموونی خۆی لەگەڵ كاری بڕین و دوورمان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«دوای ئەوەی لە قۆناغی ناوەندی بەهۆی بارودۆخی ئەو كاتی كوردستان لە خوێندن دابڕام، لەگەڵ دایكم دەستم بە چنینی كڵاشی هەورامی كرد، كە دایكمم دەبینی ئەو كارە دەكات منیش حەزم كرد فێر ببم، ماوەی دوو ساڵ خەریكی كڵاش چنین بووم، پاشان لەگەڵ خوشكەكەم بە ڕەحمەت بێت ئەو هاوكارێكی باشم بوو لەگەڵ ئەو چوومە خولی دوورمان و پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی خولەكە بەدەستهێنا، ئیدی لەو كاتەوە دەستم بە كاری دوورمان كرد، لێتان ناشارمەوە كە هەر لە منداڵییەوە حەزم لەو كارە بوو، ئەویش بە حوكمی ئەوەی نەنكم و دایكم و پوورم و خوشكم بەرگدروو بوون، ئێستاش خوشكێكم لە هەڵەبجەی شەهید خەیاتە.
سەرەتا دەستكاری جلەكانی خۆمم دەكرد، دواتر جلم بۆ هاوڕێكانم دووری وردە وردە ئیشم زیاتر بوو، سەرەتا لە ماڵەوە دوای ئەوە لە دەرەوە بەردەوامیم بە كارەكەمدا، لە پاڵ دوورمان كاری دەستی و نەخش و چنینیشم بۆ جلوبەرگەكان دەكرد، دواتر بە هاوكاری دایكم ئیشمان بە شێوەی كۆ وەردەگرت، هەروەها لە شاری سلێمانی خولێكی فێربوونی دوورمانم بۆ خانمان كردەوە، تاوەكو ساڵی 2009 هاتمە وڵاتی بەریتانیا و لەوێ نیشتەجێ بووم.
لە بەریتانیاش هەر حەز و خولیای ئیشەكەمم هەبوو، هاوژینەكەم مەكینەی دوورمانی بۆ كڕیم سەرەتا زۆر سەخت بوو زمانم نەدەزانی نەمدەزانی پێداویستی بەرگدووری لە كوێ دەفرۆشرێت، ئەوانە هەندێك ساردیان كردمەوە، دوای چەند ساڵێك، پاش ئەوەی بووم بە دایكی دوو منداڵ دەستم بە كارەكەم كردەوە و هەندێك زمانەكە فێر ببووم 2013 تاوەكو 2017 بەردەوام بووم.
ئەمجارە ساڵی 2022 بە شێوەیەكی باشتر و فراوانتر دەستمپێكردەوە و شوێنێكی تایبەتم لە ماڵەوە بۆ كارەكەم تەرخان كرد، لێرە بە بەرگدووری سۆز ناسراوم و لە پاڵ دوورمان قوماشیش دەفرۆشم و جلی بوكێنیم هەیە و سێتی مارەبڕین دروست دەكەم، لە ماڵەكەی خۆمدا هەم ئاگام لە منداڵەكانمە هەمیش كاردەكەم، هەروەها لە ڕێگەی كارەكەمەوە هاوكارێكی باشی ئەو خانمانەم كە تازە دەست بە كار دەكەن ڕێنماییان پێدەدەم، ئەو بوكانەی دێنە لام و شارەزای ئێرە نین ڕێنیشاندەریانم و كارئاسانیان بۆ دەكەم».
ئاشتی ئیبراهیم سەبارەت بە گرنگی كاركردنی خانمان دەڵێت: « ئابووری سەربەخۆی خانمان متمانە بەخۆبوون و دڵخۆشییەكی زۆر بە ئافرەت دەبەخشێت، ئەویش بۆ خۆشتر كردنی ژیانێكی سەربەخۆ و بێ كەموكوڕی، چونكە لە ئێستادا ژیان زۆر زۆر قورسە دەكرێ هاوسەرەكان هاوكاری یەكتر بن بۆ ئەوەی ژیانێكی شكۆمەندانە و شایستەیان هەبێت.
لێرەوە هانی خانمانی دەستڕەنگین دەدەم كە لە هەر بوارێك كە شارەزاییان هەیە هەوڵبدەن و خۆیان پێبگەینن، بەتایبەت ئەوانەی لە وڵاتی غەریبیدان، لە غوربەتدا ئەگەر خۆت سەرقاڵ نەكەیت بە ئیش و كارێك بەهۆی دووری لە كەسوكار ئەگەر نەخۆشیش نەكەویت تووشی خەمۆكی دەبیت، من خۆم یەكێكم لەوانەی كە دوورم لە ئازیزانم و زۆریش عاتفیم، لێرە زۆر سەرقاڵم، چونكە ژیان پێویستی بە هەوڵدانە بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵەكەت بەڕێوەببەیت».
هەروەها گوتی: «ئەوەی هانیدام بێمە ناو ئەو بوارە ئەوە بوو كاتێك جلێكم لای بەرگدوور دەدووری، زۆر دوادەكەوت جاری وابوو دوای مانگێك یان مانگ و نیوێك ئینجا جلەكەم تەواو دەكرا، كە دەشهاتەوە كەموكوڕی زۆر بوو، لەبەر ئەوە بڕیارمدا بەخۆم ئەو كارە بكەم، ئەمڕۆش كە بەرگدوورم ئازارەكانی خۆمم لەبیر نەچووە و لە كاتی خۆی ئیشەكان تەواو دەكەم و ئەگەر بەڵێنێكیشم دا دە شەو لەسەر یەك نەنووم بەڵێنەكەم دەگەینمە جێ، سوپاس بۆ خوا بەم هەوڵدانانەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لوتكەدام».
سەبارەت بە ئامانجی داهاتووشی گوتی: «ئامانجم ئەوەیە كە ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی گەورەكردنی ئیشەكەم بدەم، كە منداڵەكانم گەورە بوون دوكانێكی گەورەی هەمەچەشن دابنێم بۆ ئەوەی تەواوی وردەكاری لە بازاڕەكەی مندا هەبێت و كۆمەڵێك خاتوون بێنمە سەر كارەكەم و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنم، تاوەكو هەم ئەوان ببنە خاوەن داهاتێك هەمیش من هاوكار و یارمەتیدەرم هەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانم.
بەهۆی ئەزموونی كارەكەم، لێرە خانمان داوام لێدەكەن كە خولی فێركاریان بۆ بكەمەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو هەلەم بۆ نەڕەخساوە و ئەو دەرفەتەم نەبووە ئەو خولەیان بۆ بكەمەوە، لە داهاتوودا پشت بە خوای گەورە ئەو خولە بۆ خانمان دەكەمەوە بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانن لە دەرەوە كاربكەن و كاری بەرگدووری بكەنە سەرچاوەیەكی داهات، بتوانن جلوبەرگی خۆیان و خانەوادەكانیان بدوورن و پێداویستی ماڵەكەیان بە دەستی خۆیان ئامادە بكەن».
