كۆمسیۆن، داوا لە ھاووڵاتیان دەكات سەردانی ناوەندەكان بكەن

 	 كۆمسیۆن، داوا لە ھاووڵاتیان دەكات سەردانی ناوەندەكان بكەن
بڕیارە ئەمڕۆ ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران بە ڕووی دەنگدەران بكرێنەوە و، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كۆمسیۆنیش لە پارێزگای ھەولێر، داوا لە ھاووڵاتیان دەكات بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان، سەردانی ناوەندەكانی كۆمسیۆن بكەن.

بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی دابێ، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستانیش، دەستی بە ئامادەكاری كردووە.

لەو بارەیەوە، ئارام نەجمەددین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەڵبژاردن لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٧٦ ناوەندی كۆمسیۆن بۆ ھاووڵاتیان كراوەن بە مەبەستی دڵنیابوون لە ناوەكانیان و پێویستە ھەر ھاووڵاتییەك تەمەنی گەیشتبێتە ھەژدە ساڵ، سەردانی نزیكترین بنكە بكات و لە گەڕانەوە و راستی و دروستیی ناوەكەی پشتڕاست بێت، چونكە مەرج نییە ھەر ھاووڵاتییەك سەردانی ناوەندی تۆماری دەنگدەران نەكات، ناوەكەی نەچێتە لیستی دەنگدان یان بسڕێتەوە، بەڵكوو بۆ ئەوەیە تا دڵنیا بێت ھیچ كێشەیەك لە ناوەكەیدا نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە داتامان لە وەزارەتی بازرگانی بەپێی فۆڕمی خۆراك وەرگرتووە و دەمانەوێ ھەموو ناوەكان دڵنیا بكرێنەوە تا كێشە بۆ ھیچ دەنگدەرێك دروست نەبێت لە كاتی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا".

بڕیار بوو كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سوود لە داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای عێراق وەربگرێت، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێر رەتی كردەوە كار بە ھیچ تۆمارێكی عێراق بكرێت و دەڵێت: "كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، كاری بە ھیچ تۆمارێكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ناكات، ئێمە سیستم و شێوازی خۆمان ھەیە و پێویستە كاری بۆ بكەین".

لەبارەی گلەیی لایەنە سیاسییەكان لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان، ئارام نەجمەددین ئاماژە بۆ ئەوە كرد "تا لایەنە سیاسییەكانیش دڵنیا ببنەوە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بانگھێشتی گشت لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كراوە تا بریكاری خۆیان بنێرن بۆ ئەو ناوەندانە و ھەتا نەتەوە یەكگرتووەكانیش بانگ كراون تا رۆڵی چاودێر ببینن، ھەر لایەنێكیش حاڵەتێكی بینی لە دەرەوەی سیستم و یاسا، دەتوانێ سكاڵا لەسەر ئەو ناوەندە تۆمار بكات".
kdp-
Top