ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕێگەدان بەگەشتكردنی فڕۆكەی مەدەنی لە فڕۆكەخانەی كەركووكەوە پروپاگەندەیە
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/7/2018، ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕايگەیاند: ”فڕۆكەخانەی كەركووك لە سەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیزەكانەوە لە عێراق لە كەركووك دروست كراوە و پاش ساڵی 2003 هێزەكانی ئەمریكا نۆژەنیانكردەوە و وەك فڕۆكەخانەی سەربازی بەكاریان دەهێنا، ئێمە و د. نەجمەدین كەریم، پێشتر داوامان كرد كە ئەو فڕۆكەخانەیە بكرێت بە مەدەنی، بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتی مالكیدا ڕێگەی نەدا و ڕای گەیاند كە پێویستە ئەو فڕۆكەخانەیە بەسەربازی بمێنێتەوە“.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەوەشی خستە روو، كە ئێستا راكان سەعید، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك رای گەیاندووە كە ئەو فڕۆكەخانەیە مەدەنی و هەمیش سەربازی بێت، گوتیشی: ”بەڵام ئەو فڕۆكەخانەیە هیچ كەرەستەی فڕۆكەخانەی مەدەنی تێدا نییە و هەروەها لە هیچ شوێنێكی دونیادا نابێت فڕۆكەی سەربازی و مەدەنی لە نێو یەك فڕۆكە خانە بێت، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی كارەسات و هەروەها ئەم كارەی راكان سەعید، تەنیا بۆ پروپاگەندەیە كە گوایە دەستكەوتی ئەوە“.
راكان سەعید پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، لە ئەكاونتی تایەبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) رای گەیاندووە كە رەزامەندی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیان وەرگرتووە بۆ ڕێگەدان بە گەشتكردنی فڕۆكەی مەدەنی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركووك بۆ ناوخۆ و دەرەوە عێراق.
باسنيوز
