لە مووسڵ و ئەنبارەوە كۆچی پێچەوانە دەستی پێكرد

لە مووسڵ و ئەنبارەوە كۆچی پێچەوانە دەستی پێكرد



دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق نەیتوانی هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەشی ئاوارە گەڕاوەكانی مووسڵ و ئەنبار و شارە ئازادكراوەكانی تری دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكات، ماوەیەكە كۆچی پێچەوانە لەم شارانەوە دەستی پێكردووە.


ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی لەندەنی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق دانی بەوەدا ناوە كە كۆچی پێچەوانە لە شارەكانی باكووری عێراق و رۆژئاوایەوە دەستی پێكردووە، لەبەرئەوەی ئەم ناوچانە هیچ خزمەتگوزارییەكی مرۆییان تێدا فەراهەم نەكراوە، سەرباری ئەوەی حكوومەتیش هیچ قەرەبوویەكی پێشكەشی ئاوارە گەڕاوەكان نەكردووە بۆ نۆژەنكردنەوە ماڵ و حاڵی رووخاو و داڕماویان.


بەرپرسێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامە عەرەبیەكە كردووە و ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە سەدان خێزانی عێراق دووبارە لە كۆچێكی پێچەوانەدا شارەكانی مووسڵ و ئەنباریان بەجێهێشتووەتەوە، كۆچی ئەم جارە لە ترسی داعش نیە، بەڵكو لەبەر نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و ژیانییەكانە.


بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەم بەرپرسە، بەلایەنی كەمەوە لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا، 900 خێزانی عێراقی شارە ئازادكراوەكان و ناوچەكانی دەوروبەری ئەنبار، مووسڵ، سەڵاحەدین، دیالە و كەركووكیان بەجێهێشتووە، چونكە نەیانتوانیوە لە دوای داعشەوە، دەست بەژیانێكی نوێ بكەنەوە و ماڵ و حاڵێك بۆ خۆیان بنیات بنێنەوە.


ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەشی بەوە داوە كە زۆرینەی ڕەهای ئەم ئاوارانە ڕوو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە، چونكە هیچ ئومێدیكیان بەشارەكانیان نەماوە لە سایەی حكوومەتی بەغدا.
bas news-
Top