"ڕەوشی مووسڵ خراپە و کۆمەکی وڵاتانیش کاریگەر نەبووە"
مووسڵ سێ ساڵ پایتەختی بەناو خەلافەتی گرووپی تیرۆریستی داعش بوو، ژێرخان و سەرخانی مووسڵ بە ھۆی شەڕی داعشەوە بە تەواوی وێران بووە. لەوبارەیەوە ھۆشیار مالو، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی دواین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ھاووڵاتی گەڕاونەتەوە بۆ شاری مووسڵ، بەڵام بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و تێکچوونی بەشێکی زۆری خانووی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی لە بەری ڕاستی شارەکە دانیشتوانی شاری مووسڵ لە ژیانێکی سەختدان و پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە، جگە لەو مالوێرانییەی داعش بەسەر مووسڵیدا ھێناوە، خەڵێکی زۆر بە دوای تەرمی کەس و کاریاندا دەگەڕێن کە لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵاخانە خاپوورکراوەکاندا ماون."
لە کاتی داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون و بەو ھۆیەوە گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە چاوی سۆزەوە ڕوانیانە ئاوارەبوونی سەدان ھەزار خەڵک و ھاوکاری کران، سەرۆکی ڕێکخرای مافی مرۆڤی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە لایەن ھەندێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەوە ژمارەیەک خانووی خاپوورکراو نۆژەن دەکرێنەوە، بەڵام قەبارەی زیان و خانووە ڕووخاوەکان ئەوەندە زۆرە بە چەند ساڵی دیکەش کۆتایی نایەت، لەبەر ئەوەش پێویستی بە ئاوڕدانەیەوەکی جیددی ھەیە، چونکە ئێستا ڕەوشی مووسڵ لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لەوپەڕی خراپیدایە و ڕەوشی مافی مرۆڤ لەو شارە لەژێر مەترسیدایە."
لەبارەی ھاوکاریی وڵاتە کۆمەکبەخشەکانیش کە لە چوارچێوەی کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەداکردنەوەی عێراق تەرخان کرابوو، ھۆشیار مالو دەڵێت: "کۆمەکی وڵاتان ڕاستەوخۆ ناگات بە مووسڵ و لە ڕێگەی حکوومەتەوە دەنێردرێت بۆ پارێزگاکان، ئەوانیش زیاتر بۆ پرد و بابەتەکانی دیکە بەکاری دێنن، پێم وایە ئەو کۆمەکەش جێگەی خۆی نەگرتووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری."
kdp-
