شارەزایان پتەوکردنی پێوەندی نێوان هەرێم و هۆڵەندا بە گرینگ دەزانن
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ھۆڵەندا گرنگیی خۆی ھەیە لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی پیلانەکانی پێشتر بۆ لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان دارێژڕابوون.
لەوبارەیەوە، دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان دوای تێپەڕاندنی قۆناغی ١٦ی ئۆکتۆبەر توانی ئەو ئابلۆقە دیپلۆماسییە دەرباز بکات، کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەوە و لە ڕووی جیۆسیاسی و ئابوورییەوە لێکەوتەی قۆناغی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەر ڕەھەندی سیاسی و دیپلۆماسی و جیۆئابووریی کوردستان لێکەوتەی مەترسیدار بوون، بەڵام دوای کردنەوەی پەنجەرەیەکی دیپلۆماسی لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، جارێکی دیکە ڕایەلێکی دیپلۆماسی لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا و تەواوی ئەورووپا کرایەوە."
دکتۆر شێرزاد زەکەریا، پسپۆڕی پەیوەندییە سیاسییەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای قۆناغی ١٦ی ئۆکتۆبەر پیلانێکی ھەمەلایەنە ھەبوو تا پێگەی دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستان نەھێڵن و پەیوەندیی بەھێزی نێوان ھەرێمی کوردستان و جیھانی دەرەوە بپچڕێنن، بەڵام ھەرێمی کوردستان توانی سەرکەوێت بەسەر ئەو پیلانەدا، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەری ھەبوو لەو بارەیەوە."
بابکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ھۆڵەندا مەبەست لێی پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستانە لە لایەن ھۆڵەنداوە، بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی لە لایەن ھۆڵەنداوە بانگھێشت کراوە و جەختکردنەوەیە بۆ ئەوەی پێگەی بەھێزی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، لە لایەکی دیکەوە ھۆڵەندا ھاوپەیمانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشە و ھاوکاریی زۆری ھێزی پێشمەرگەی کردووە لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و ھاوکاریی سەربازی بۆ ھەرێمی کوردستان."
دکتۆر شێرزاد زەکەریا دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان ئێستا گەڕاوەتە بۆ ئەو پێگە بەھێزەی پێشتر ھەیبوو، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا و تورکیا و جیھان بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە بەھێزە و بەدەستھێنانی پشتگیریی وڵاتان بۆ قەوارەی ھەرێمی کوردستان."
kdp-
