بۆ 100 هەزار مووچەخۆری دووبارە و سێ بارە بڕیارێك دەردەكرێت
ھیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران تایبەت (باس)ی راگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار دوو مووچەیی و سێ مووچەیی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، گوتی: ”دەتوانین بە چەند خولەکێک لیستی ئەو کەسانە ئامادە بکەین و بیدەینە دەستی حکوومەت، بڕیاری کۆتاییش بۆ ئەو کەسانە لە دەستی حکوومەتدا دەبێت“.
جەختیشی کردەوە: «ئەو ١٠٠ ھەزار کەسە ھێشتا مووچە وەردەگرن، دەبێ سەرۆکی حکوومەت بڕیاریان لەبارەوە بدات، کە بەشی زۆریان دوو مووچەیی یاسایین، لەوانە وارسی شەھیدان، گوتیشی: ”ئێمە دەزانین و داتای ئەو کەسانەمان لە لایە کە دوو مووچە و سێ مووچەییان ھەیە، بەڵام چەندیان نایاسایین، ئەوە پێویستی بە بڕیارێکی قانوونی ھەیە کە یاسازانەکان بیدەن».
ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرای دەکات، لەماوەی داھاتوودا ئەو ١٠٠ ھەزار مووچەخۆرە دووبارانە یەکلایی دەکرێنەوە، گوتیشی: ”لە قۆناخی دووەمی کاری بایۆمەتری کە بڕیاری لێ دراوە، بەم نزیکانە بەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان ئەوە دەبێت ئەو کەسانە ساف بکرێن و ساخ بکرێنەوە، کە کێ نایاساییە و کێ یاساییە، ئەوەی نایاسایی بێت ئەنجامەکەی دەدرێتە دادگا».
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (باس) دراون، بەشێک لەوانەی دوو مووچە یان زیاتریان ھەیە و لە چەند شوێنێک مووچە وەردەگرن، لەپاڵ مووچەی فەرمانبەرییان مووچەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مووچەی زیندانی سیاسی و شەھیدانە وەردەگرن.
ھیوا ئەفەندی پێی وایە: «دوو مووچەیی و سێ مووچەیی زۆرترینیان یاسایین، بەڵام کە بە یاسا دراوە ھەڵە لە یاسا و بڕیارەکان ھەیە و دەبێ پێداچوونەوەیان پێدا بکرێتەوە، بۆ نموونە ھەیە مووچەی کەمئەندامیی ھەیە و مووچەی فەرمانبەرییشی ھەیە، کە لەوێدا دەرماڵەیەکی کەمئەندامییشی ھەیە، بۆیە ئەوە ھەڵەیە و زۆربەی دوو مووچەییەکانی تریش بەم ھەمان شێوەن، بە تایبەت بۆ میراتگری کەسوکاری شەھیدان“.
جەخت دەکاتەوە، لیژنەی تایبەت پێداچوونەوە بەو کەسانەدا دەکات، کە زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە، گوتیشی: ”چاکسازیی مووچە بەوە دەست پێ دەکات کەوا مووچەخۆری نایاسایی جیا بکرێتەوە لە یاسایی، بۆ ئەوەش ھەموو داتاکان لای ئێمەن و دەیدەینە لیژنەی تایبەتمەند“.
ئەو ١٠٠ ھەزار مووچەخۆرە یاسایی و نایاساییە، لە کۆی یەک ملیۆن و ٢٠٢ ھەزار مووچەخۆر ئاشکرا بووە. کە لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆمار کراون.
باسنيوز
