سلێمانی.. کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی برا گەورەکەی دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیاندراوێکدا، لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کرووەتەوە، کە ئەمڕۆ 9\7\2018، تۆمەتبارێك دەستگیر كرا، كە هەفتەیەك پێش ئێستا براکەی خۆی کوشت بوو.
پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ڕۆژی 2\7\2018 ، هاووڵاتی (ه، م، م) لەدایكبووی 1988، لە ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی ئازادی لەشاری سلێمانی بەفیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەڵگەوتاوان، كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕووداوەكە و دەستكەوتنی زانیاری لەبارەی هۆكاری كوشتنەكەیەوە، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بنكەی پۆلیسی ئازادی توانرا تۆمەتبار (ه، م، م) لەدایكبووی 1990، دەستگیر بكرێت.
ئەوەش روون کراوەتەوە، کە تۆمەتبار بە دەمانچە براكەی خۆی كوشتووە و لەكاتی ڕووداوەكەدا هەڵاتووە، لەئێستادا تۆمەتبار لە بەردەم دادوەر دانی ناوە بە تاوانەكەیدا و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی بەندە.
باسنيوز
