كچە كوردێك لە لووتکەی گەنجانی UN بووە نوێنەری عێراقییەكان

 كچە كوردێك لە لووتکەی گەنجانی UN بووە نوێنەری عێراقییەكان
روودان نەجیب باڵایی، کە خەڵکی شاری دهۆکی لە لووتكەی گەنجانی UN وەك نوێنەری عێراقییەكان دیاری كرا.

لە لووتکەی UNی نێودەوڵەتی گەنجان، کە لە ڕۆژانی 4 تا 8ی ئەم مانگە لە بنکەی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆركی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تێیدا بە تێروتەسەلی باس لە مافەکانی مرۆڤ کرا و نوێنەرانی وڵاتانیش باسی مافی مرۆڤیان لە وڵاتەکانی خۆیان کرد، ھاوكات كچە كوردێك وەك نوێنەری عێراقییەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دیاری كرا.

ڕوودان باڵایی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (کوردستان24) ڕای گەیاندووە: "دڵخۆشم كە وەك كچە كوردێك بە نوێنەری عێراقییەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەست نیشان كرام".

گوتیشی: "لە وتارەكەمدا لە لووتكەی گەنجانی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر باسم لە گەلی کورد و بەتایبەتی کچ و ژنە ئێزدییەکان و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرەکانی کوردستان و رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لە عێراق کرد".

روودان، لەدایکبووی 1995 و خەڵکی شاری دهۆکە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئەمریکا دەژین و پێشتریش لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا و چیك ژیاوە.

15هەمین کۆنگرەی لووتکەی نێودەوڵەتیی گەنجان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداریی 163 گەنجی وڵاتانی جیهان لە نیویۆرك بەڕێوە چوو.










باسنيوز
Top