پۆلیسی سلێمانی: سێ کەس لە دەریاچەی دووکان خنکان
ئەمڕۆ دووشەممە 9/7/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە بەیانیی ئەمڕۆ سێ کەس بە ناوەکانی (ح، ر، ێ) لە دایکبوی 1982، (ع، ع، م) لە دایکبووی 1991 و خێزانی بەناوی (د، س، د) لەدایکبووی 1993 کە ھەرسێکیان بە ڕەگەز عەرەب و دانیشتووی شاری بەغدان، بە مەبەستی گەشتکردن ڕوویان لە سەیرانگای دووکان کردبوو و لە دەریاچەکەدا خنکان.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات، کە دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمی مەلەوانیی دووکان، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا تەرمی ھەرسێکیان دەربھێنرێتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
ھەر لەمبارەیەوە عەرف فەرەج، لێپرسراوی تیمی مەلەوانیی دووکان، ڕايگەیاند: "ئەو خێزانە بە مەبەستی گەشتگردن ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی دووکان کردووە، لەسەر دەریاچەی دووکان ئافرەتێکیان کەوتووە ناو ڕووبارەکە و ھاوسەر و برای ئافرەتەکە دەیانەوێت ڕزگاری بکەن، بەڵام بەداخەوە ھەرسێکیان خنکان".
لێپرسراوی تیمی مەلەوانیی دووکان گوتیشی: "دوای ڕووداوەکە تیمەکانمان توانییان تەرمەکانیان بھێننە دەرەوە و بە مەبەستی توێکاریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کردن، لێکۆڵینەوەش لە ھۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە".
باسنيوز
