داعش هەڕەشەی داگيركردنه‌وه‌ى بەعاج دەکات

داعش هەڕەشەی داگيركردنه‌وه‌ى بەعاج دەکات
پولیسی فیدراڵی عێراقی لە شنگال رايگه‌ياند، "مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ قەزای بەعاج له‌ ئارادايه‌".

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدراڵی عێراقی لەشنگال، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، گوتى: "دوو رۆژە داعش هەڕەشەی زۆر دەکات، كه‌وا جارێکیديكه‌ پەلاماری قەزای بەعاج ده‌داته‌وه‌ بە مەبەستی داگيركردنه‌وه‌ى و ئەمەش دڵەڕاوکێى لە ناو دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ درووستکردووە".

ئەو سەرچاوەیە گوتيشى: "هێزی وه‌ڵامدانەوەی بەپەلە (الرد السریع)، و ژماره‌يه‌كى زۆر لەهێزەکانی ديكه‌ى سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ لە شوێنەکانی ديكه‌وه‌ بەرەو بەعاج جووڵه‌يان پێكراوه‌، به‌ مه‌به‌ستى به‌رگرتن له‌ هه‌ر په‌لامارێكى رێكخراوى داعش".

قه‌زاى به‌عاج، له‌ (4ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2017)، له‌ لايه‌ن سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبييه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرا و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا بۆ ناوچه‌كه‌ و نه‌مانى داعش، نزيكه‌ى 180 هه‌زار هاووڵاتى دانيشتووى ناوچه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵيان و له‌ ئێستاشدا به‌ هۆى مه‌ترسى په‌لاماره‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌، مه‌ترسى ئاواره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادايه‌.
k24-
Top