عەلی عەونی: پارتی رێنماییی كۆمسیۆنی لە بەرچاو گرتووە و ١٠٠ كاندیدی دەبێت
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێش ٢مانگ بڕیاری دا ڕێككەوتی ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و، ھێشتایش لەگەڵ ئەوەی وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەواو بووە، بەڵام ھیچ ڕۆژێكی بۆ دیاری نەكراوە، بەو ھۆیەیشەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان سەرقاڵی رێكارەكانی ئەم دەنگدانەی ٣٠ی ئەیلوولن.
دوێنێ ٧ی ٧ی ٢٠١٨، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و، چەند بابەتێكی خستە بەر باس و گفتوگۆكردنەوە. یەكێك لەو خاڵانەی باس كرا، پرسی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، كە پارتی جەختی لەوە كردەوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت و دووپات كرایەوە كە، "بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێ، بە پێویست زانرا لە كات و ساتی بڕیارلێدراودا ئەنجام بدرێ و ھەروەھا باس لە ئامادەكارییەكان و میكانیزم و ھەنگاوەكانی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كرا و بڕیاریان لەبارەوە وەرگیرا".
ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، جووتیار عادل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تۆماری دەنگدەران ئامادەیە و ئێستا لە چاپكردندایە، كە ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان نزیكەی ٣ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت".
لە ١٠ی ئەم مانگەدا، بنكە لاوەكییەكان واڵا دەكرێن بۆ ھاونیشتیمانیان بۆ ناوزیادكردن و لابردن و چاككردنەوەی ناوەكانیان، بۆ قەوارە سیاسییەكانیش لەو بنكانەی بۆ ئەم كارە دانراون، چاودێران لەوێن و چاودێریی پڕۆسەكە دەكەن.
عادل، گوتیشی: "لەو گەڕەكانەی دانیشتووانیان زۆرە، نەمانھێشتتووە قەرەباڵغی دروست ببێت و بنكەی زیاترمان كردوونەتەوە لە خزمەتی دەنگدەراندا، لە ھەولێر پێشتر ٥٣ بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەبووە، زیادمان كردووە بۆ ٧٦ بنكە، سلێمانی لە ٧٤ بنكەوە بووە بە ٨٤ بنكە، دھۆك لە ٤١ بنكەوە بۆ ٤٧ و ھەڵەبجەش لە ٥ بنكەوە بۆ ٧ بنكە زیاد كراوە".
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆن دەشڵێت: "سەبارەت بە لیستی ناوی كاندیدان، لە دوێنێوە دەستمان بە وەرگرتنی كردووە و تا ڕێككەوتی ٢٥ی ٧ بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی ناوی كاندیدانی لیست و قەوارە سیاسییەكان."
پیوەست بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەشێك لە لقەكان ناوی كاندیدەكانیان دیاری كردووە و پارتی ١٠٠ كاندیدی بۆ ھەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستان دەبێت، ئەو كاندیدانەش بە چەند پێوەر و فلتەرێكدا دەڕۆن و دواتر ڕەوانەی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی حزب دەكرێن، هەروەها لەوێش ئامادەكاریی پێویست دەكرێت تا بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆن رێك بخرێنەوە".
عەونی، هەروەها ئەوەشی خستە روو: "پارتی دیموكراتی كوردستان، رێنماییی كۆمسیۆنی لە بەرچاو گرتووە و پابەندە بەو ماوەیەی كە بۆ بەرزكردنەوەی ناوی كاندیدان دیاری كراوە."
kdp-
