لە سێ‌ ڕۆژدا لە سۆران 19 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە

لە سێ‌ ڕۆژدا لە سۆران 19 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە
تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوو زیاتر لە 19 ڕووداوی ئاگركەتنەوە لە دەڤەری سۆران ڕوویان داوە و بە هۆیەوە ڕووبەرێكی زۆری دارستان و پووش و پاوان سووتاون.

رائید بەیار باڵەكی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕايگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی بێباكی هەندێك لە هاووڵاتییان ڕۆژانە ڕووداوی ئاگركەتنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، واتە هەر چوار قەزاكانی (سۆران، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر) دەكەوێتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێكی زۆری پووش و پاوان و دارستان سووتاون و زیانێكی زۆر بەر ژینگە كەوتووە، لە هەمانكاتیشدا بەو گەرمایە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ئاگرانە لەسەر ژیانی كارمەندانمان و هاووڵاتییان ئەستەم و مەترسیدار دەبێت".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد، تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 19 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە سنوورەكەمان ڕوویان داوە و لەوانە 17 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە پووش و پاوان، هەروەها 2 ڕووداوی ئاگركەتنەوە لە زبڵ و پاشماوەكانی شارەوانی، دوای هەوڵی بەردەوام تواندراوە كۆنتڕۆل لەسەر ئەم ئاگرانە بكرێت".

داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کردووە لە كاتی چوونیان بۆ دەوروبەری شار و شارۆچكە و گوندەكانی دەڤەری سۆران، لە كاتی كردنەوەی ئاگر لە دوای خۆیان بیکوژێنەوە، هەروەها جگەرە فڕێ نەدەنە سەر زەووی و ناو پووش و پاوان، چونكە دواجار زیانی زۆر و سووتانی پووش و پاوانی لێ دەكەوێتەوە.











باسنيوز
Top