نوێنەری 63 گوندی بناری قەندیل سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد

 نوێنەری 63 گوندی بناری قەندیل سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨-٧-٢٠١٨ کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی بناری قەندیل بە نوێنەرایەتی تەواوی گوندەکانی ئەو سنوورە سەردانی پەرمانی کوردستانیان کرد و لەبارەی هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا داوای هەڵوێستیان لە پەرلەمان کرد.

شێخ عومەر بەرگرکەیی، یەکێک لە نوێنەرانی گوندەکانی بناری قەندیل لەبارەی سەردانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئێمە نزیکەی ١٢ کەس وەکوو نوینەرایەتیی ٦٣ گوندی بناری قەندیل، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی هاووڵاتیانی ئەو سنوورە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی کوردستانمان کرد و پەیامی خەڵکمان گەیاندە پەرلەمان".

گوتیشی: "توانیمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرمان، کۆ ببینەوەو ئەو یادداشتەی کە ئامادەمان کردبوو پێشکەشیان بکەین و ئەوانیش لای خۆیانەوە بەڵێنیی ئەوەیان پێداین کە هەریەک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەتی لێ ئاگادار بکاتەوە".

شێخ عومەر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد داواکاری و پەیامی خەڵکی ئەو گوندانە ئەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان لەسەر هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو بۆردومانە چڕەی دەیکاتە سەر ناوچەکەمان هەڵوێستێکی هەبێت.











باسنيوز
Top