ئازاد جندیانی: ئۆپۆزسیۆنی فەلەکی گۆڕان فەزای گشتیی کۆمەڵگەیان پڕکرد لە دەستەواژەی بێڕێز

 ئازاد جندیانی: ئۆپۆزسیۆنی فەلەکی گۆڕان فەزای گشتیی کۆمەڵگەیان پڕکرد لە دەستەواژەی بێڕێز
سیاسەتمەدارێکی ناسراوی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توند لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو لایەنانەی کوردستان دەگرێت کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن و ئاشکرای کردووە کە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دەوری گۆڕان، فەزای گشتیی کۆمەڵگەیان پڕ کردووە لە ”دەستەواژەی بێڕێز“.

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار، لە نووسینێکیدا کە بە ناوی (دیدگایەکی تر، بەڵام جیاواز) تێیدا رەخنەی لە سیاسەتی گشتیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان گرتووە و ئاماژەی بەوە داوە: ”لەکوردستاندا، سنووری نێوان دیموکراسی و ئەنارشیزم لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا زۆر تێکەڵ بەیەکتر بووە، بۆیە ھەردوو مەودای سەرەوە بەشێوەیەکی ناتەندروست تێکەڵ بە چەمک و دەستەواژەکانی ئەنارشیزم کراون، بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک خۆی بکاتە خاوەنی ئاراستە ئەنارشیستییەکە، ھەرچەندە زەبری زۆری لە پرەستیژی دیموکراسی داوە. بۆ نموونە لەبواری دەستاودەسکردنی دەسەڵات بەڕێی ھەڵبژاردنەوە، وێڕای ئەو تانانەی لە ھەڵبژاردنەکان دراون و دەدرێن، دیموکراسی بەجۆرێک مامەڵە کراوە لەجیاتی ئەوەی دڵنیایی بە کۆمەڵگای سیاسی ببەخشێ، مەترسی بڵاو کردۆتەوە، چونکە بەشێک لەو لایەنانەی بە ئۆپۆزسیۆن ھەژمار دەکرێن، دیموکراسییان وەک وەسیلەیەکی تۆقاندن و ھەڕەشەی لەناوبردن لەبەرامبەر ئەو لایەنانە بەکارھێناوە، کە ھەر بەڕێی ھەڵبژاردنەوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست“.

بە بڕوای جندیانی، گوتاری ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت لەدوای دروستبوونی گۆڕانەوە، گوتاری ھێزی نەرم نەبووە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، وەک چۆن میکانیزمی کارکردنیشی لەناو پەرلەماندا میکانیزمی دیموکراسییانە نەبووە، دەشڵێت: ”وەک بینیمان بۆ یەکەمجار بوو کە لەناو پەرلەماندا وشەی نەشیاو و ڕەفتاری نەشیاو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پەیڕەو کران. ئەو پەیامەی بە تۆخی لەپشت گوتار و ڕەفتار و بگرە ئاکاری ئۆپۆزسیۆنەوە خۆی نمایش ئەکرد، گوتاری بردنەوە نەبوو لە بەرامبەرەکانی، بەڵکو گوتاری سڕینەوەی بەرامبەر بوو“.

ئاماژەشی بەوە داوە کە ئۆپۆزسیۆن ھەمیشە خۆی وەک نوێنەری ھەموو خەڵکی کوردستان ناساندووە، بەو حەشامەتەشەوە کە دەنگیان بە حزبەکانی دەسەڵات داوەتەوە. ئەگەر خۆیان بە نوێنەری ئەو خەڵکانەی دەرەوەی بازنەی دەنگدانی خۆشیان نەناساند بێت، ئەوا ئەو دەنگە زۆرانەی حزبەکانی تریان، بە دەنگی ئەوانە زانیوە کە خۆیان بانگەشەیان بۆ دەکردن، کە ئەو سەدان ھەزار دەنگ و بگرە زیارتر لەوەش دەنگی ئەو کەسانە بوون کە بە گوتاری ئەوان (گەوجێنرابوون). ئازاد جندیانی ئاشکرای کردووە: ”لە وردبوونەوە لە گوتاری میدیای ئۆپۆزسیۆندا، بەدیاریکراوی ھی گۆڕان، کۆمەڵگا بەسەر دووبەرەدا دابەش کرابوون، کۆمەڵگای (گەوج و دێوەکان) و کۆمەڵگای (پاکیزە و فریشتەکان و عاقڵەکان)، بۆیە دیموکراسی بەپێی ئەو تێگەیشتنەی ئەوان کە ھیچ مانا و دەلالەتێکی سۆسیۆلۆژی لەخۆناگرێ، بوارێکە تەنیا ئەبێ ئەوانە تیایدا سەرکەوتووبن، کە ((فریشتە و عاقڵن)). خۆ ئەگەر لەبەر ھەر ھۆیەک بێت بەرەکەی تر سەرکەوتنی ڕێژەییش بەسەر ئەواندا وەدەست بێنن، ئەوە مانای وایە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکتاتۆرییانەیە، ئەگەرچی ئەوان بەھەمان گەمەی دیموکراسییانە ژمارەیەکی زۆری کورسییەکانی پەرلەمانیش وەدەست بێنن، یاخۆ لە دەسەڵاتە تەنفیزییەکەشدا بە قورساییەوە بەشدار بن“.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئەو سیاسەتمەدارە ناسراوەی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، ئۆپۆزسیۆن تا ئێستاش بەشێوەیەکی ڕێژەیی، لەزمان و گوتاری میدیاییدا و بە پشت بەستن بەو تێگەیشتنە ئاڵۆزەی ئەوان بۆ ئازادی ڕادەربڕین، سنوورەکانی (نەزاکەتی سیاسی) و (بێ نەزاکەتیی سیاسی)یان تێکەڵ و پێکەڵ کردووە و ئەوەی پەرەی پێداوە و ئازادی ڕادەربڕینی پێ لێکداوەتەوە (بێ نەزاکەتی سیاسی)یە. لەمبارەیەشەوە دەڵێت: ”ئەگەر لیستێک لەو دەستەواژانە بژمێرین، کە ئۆپۆزسیۆنی فەلەکی گۆڕان و نووسەر و میدیاکانیان، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پێشووتر و ھەوادارانیان لەناو خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ و دواتریش لەدژی نەک دامەزراوەی حزبەکانی دەسەڵات بەکاریان ئەھێنا، بەڵکو لەدژی دەنگدەران و ھەوادارەکانیشیان بەکاریان ئەھێنا، وەک لەسەرەوە وتمان لە بابەتی ( گەوجاندن و دێواندن و دز و تاڵانچی و میلیشیا و ئەڵقەلەگوێ و جاش قەڵەم و کۆیلە و دەیان دەستەواژەی تر) ئەچنە چوارچێوەی ئەوەی پێی ئەوترێ بێ نەزاکەتی سیاسییەوە. بەمەش فەزای گشتی کۆمەڵگایان پڕاوپڕ کرد لە دەستەواژەی بێڕێز و ھاوکاتی پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی سۆسیال میدیاش ئەو فەزایەشیان بەھۆی ئەو ڕەوایەتییەوە کە ھێندێ نووسەر و میدیای فەلەکی گۆڕان بەبیانووی (ئازادی ڕادەربڕین)ەوە گیرۆدەی ئەو بێ نەزاکەتە سیاسییە کرد، کە ئێستا کۆمەڵگا ھەستی پێ ئەکا و دۆخێکیشی خوڵقاندووە، کە ھەموو حزبەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ھەزاران پێگە بۆ مەرامی ئەو شەڕە بێ نەزاکەتە بەرھەم بھێنن. ئەو ئاراستەیە نەک تەنیا پرەنسیپی گرنگ و شایستەی ئازادی ڕادەربڕینی لەکەدار کرد و بێ متمانەیی قووڵتر و قووڵتر کردەوە، بەڵکو بووە ھۆی فراوان بوونی پانتاییەکانی (فەیک نیوس) و درۆسازی ھەتا لەدژی تاکە ئاساییەکانی کوردەواریش“.










باسنيوز
Top