ئیلام.. پێنج چالاکوانی کورد دەستگیر کران
هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بەڕێوەبەرانی سیمیناری ئەدەبیی (خوێندەوان) لە ئیلام و دەستگیریان کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) شەوی پێنجشەممە 2018/7/5 هێزەکانی پاراستنی زانیاری سەر بە سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی سیمیناری ئەدەبیی (خوێندەوان) لە ئیلام و چەند چالاکوانی کولتوورییان دەستگیر کردوون.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر مالی هەر یەک لە"مستەفا باقری ئاشنا" خەڵکی ئەسەدئاوای هەمەدان، "سەید ئەردەشیر مووسەوی" خەڵکی کرماشان، "مەهدی ئازادبەخت" خەڵکی کوهدەشتی لوڕستان، "بیژەن هێمەتی" خەڵکی کرماشان و "شەهریار تەهماسبی" خەڵکی کرماشان کە هەموویان لە بەڕێوەبەرانی سیمیناری ئەدەبیی "خوێندەوان" بوون و دەستبەسەریان کردوون.
بەپێی هەمان سەرچاوە هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ماڵانە و دەستیان کردووە و بە پشکنین و زەوتکردنی کەلوپەلی تاکەکەسی ئەو کەسانە وەکوو مۆبایل و لاپتۆب و… و دواتر خۆیانیان دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
ژاکان باران شاعیری ئیلامی کە بەڕێوەبری سەرەکیی سیمینارەکە بووە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامی خۆی ڕای گەیاندووە کە ئەگەری زۆر هەیە خۆشم بە زوویی دەستبەسەر بکرێم و وتوویشە کە ناوی ٤٥٠ کەس لەو کەسانەی کە بانگهێشت کراون لەگەڵ ڕەقەمی تەلەفوونەکانیان لەبەر ئەمنیەتی خۆیان سووتێندراوە، هەتا نەکەوێتە دەستی هێزە ئیتلاعاتییەکان.
لە درێژەی ئەو پۆستەدا نووسیویە کە ئەو هەمووە هەستیاربوون بە نیسبەت بەڕێوەچوونی سیمیناری زمانناسی کە مۆڵەتی یاساییشی هەبووە دەری دەخات کە حکوومەت بە نیستبەت نزیکیی زمانی دانیشتوانی زاگرۆس ترسی هەیە.
باسنیوز
