نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا لە پاراستنی میللەتەکەماندا دەوری بەرچاوی هەبووە
لە ڕێوڕهسمهكهدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای دهربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لەو ڕێوڕهسمهدا، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بە گرنگ وهسف كرد، بەتایبەتی دوای ڕووداوانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و پاراستنی کوردستان بە دامەزراندنی ناوچەی دژهفڕین، هەروەها ڕۆڵی سوپای ئەمریکای لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە شکستپێهێنانی داعش بەرز نرخاند.
سەرۆکوەزیران پڕۆژەی دروستکردنی كۆمهڵگهى کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر بە گرنگ زانی و بە نیشانەی گرنگیدانی ئەمەریکا بە هەرێمی کوردستانی لە قەڵەم دا و هیوای خواست ئەمەریکا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق له ههموو بوارهكاندا بدات.
ئەمەش دەقی وتەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە:
بەیانیتان باش،
ئێمە ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین لێرە پێکەوە لەگەڵ جەنابی باڵیۆز و جەنابی کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی کار بۆ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.
بێگومان، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا، دوای ٢٠٠٣ بۆ ئێمە پەیوەندییەکی گرنگ بووە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، دەمەوێ بەبیر خۆمانی بێنینەوە لە دوای ساڵی ١٩٩١ کە ئەمەریکا بەشێکی سەرەکی بوو لە پاراستنی میللەتی ئێمە لە کاتی کۆڕەوەکە و ئەو کارەساتە گەورەیە کە بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتبوو، هەر لەو کاتەوە کە ناوچەی دژەفڕینی بۆ پاراستنی ئێمە دامەزراند لە عێراقدا، هەروەها تا ئەو پەیوەندییەش کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە پێکەوە دەستمان پێکرد.
دەمەوێ ئەوەش بەبیر خۆمان بێنینەوە کە وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شەڕی داعشدا هاوکاریی ئێمەیان کرد و ئەگەر ئەو هاوکارییانەی سوپای ئەمەریکا نەبوایە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بەو شێوەیە لە شوێنی خۆی ڕابگرین.
ئێمە ئەمڕۆ زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەکەین کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، هیوادارین ئەمە سەرەتایەک بێت، ڕاستە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین وەک دەستپێکردنێک، بەڵام خۆی لە خۆیدا نیشانەیە بۆ دەرەوە و هەموو جیهان کە ئەمەریکا دەیەوێ لە عێراق بمێنێتهوه، ئەمەریکا دەیەوێ لە کوردستان بمێنێتهوه، ئەمەریکا دەیەوێ پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات لەو ڕووەوە بۆ عێراق بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە.
خۆشحاڵم بە ئامادەبوونی جەنابی باڵیۆز، ئەمڕۆ ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێدەکەین. هیوادارم ئەم پەیوەندییە لەمەودوا زیاتر بێت و هەموو بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.
هەموو لایەکتان بەخێر بێن بەسەر چاو.
