دوورگەی نەورەسەکان دەکرێت بە ناوچەیهكی گەشتیاری
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری راپەرین رایدەگەینێت، نیشتیمانی نەورەسەکان(دوورگەی نەورەسەکان )دەکرێت بە ناوچەی پارێزراوی سروشتیی بۆ نەورەسان و ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش.
ئارام پیرۆت، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری راپەرین راگەیاند: "بەنوێنەرایەتی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی راپەرین و سەرۆکی دەستەی چاکردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم سەردانی نیشتیمانی نەورەسەکان (گردی دوگردکان)مان کرد، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵیش پڕۆسەی زاوزێیان تەواو کرد و دەستیان کردەوە بە کۆچکردن لە دورگەکە، کە ساڵانە لەکاتی پڕۆسەی زاوزێ بە کۆمەڵ ڕوو لەم ناوچەیە دەکەن لەسەرەتای مانگی پێنچ، وە لەمانگی حەوت پاش فێربوونی فڕینی بێچوەکانیان وردەوردە دورگەکان جێدەهێڵن".
گوتیشی: "هەوڵی تەواو دەدەین بۆئەوەی نەورەسەکان بپارێزین و هەروەها دوورگهكهش بکەین بە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش".
ئاشکراشیکرد، کە لەماوەیەکی نزیکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی شارەزا ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکەنەوە بۆ چۆنیەتی سەردانیکردی ئەم شوێنە لەلایەن گەشتیاران و فۆتۆگرافەران و ڕاگەیەندنکارەکان بەمەبەستی پاراستنی نەورەسەکان.
bas news-
