ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە لە سنووری یەکێتی ئەنجام دەدرێ
لە حاڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دژی پەکەکە، ناوچەکانی زنجیرە چیای قەندیل لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.
لەمبارەیەوە لیوا موسا گەردی، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕايگەیاند: ”زانیاریی تەواوم لەسەر ئەوە نییە کە یەکێتی ڕاستەوخۆ ھاوکاری سوپای تورکیا دەکات یان نا، بەڵام یەکێتی ئێستا دوو سێ باڵی ھەیە و پێموایە باڵێک لە باڵەکانی لەگەڵ پەکەکە بێت و باڵێکی دیکەشیان لەگەڵ سوپای تورکیایە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ”ئەگەر ئەنجام بدرێت“، سنووری ئیداریی پارێزگای هەولێر تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی کە بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ناسراوە، ”ئەوکاتەش بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت کە کێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا دەکات و کێ نایکات؟“.
هەر لەمبارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕايگەیاند: ”پێشتر یەکێتی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی و بۆ موزایەدەکردن سنوورەکانی بۆ پەکەکە واڵا کرد و ئەو حزبەی ھێنایە ناو قوڵایی ھەرێمی کوردستان، ئێستاش پەکەکە دەستی خستووەتە بینەقاقەی یەکێتی و لە دەوروبەری سلێمانیش داوای ناسنامە لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی باڵای یەکێتی دەکەن، چونکە پەکەکە قایمقام و شارەوانی بۆ خۆی داناوە و حیساب نە بۆ یەکێتی و نە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەکێتی ئێستا هەست بەوە دەکات کە هێنانی پەکەکە بۆ سنوورەکانی خۆی زیان بە خودی یەکێتی دەگەیەنێت.
باسنيوز
