شێخ جەعفەر مستەفا: ڕووداوی تەقینەوەکانی ناو خانەقین کاری حەشدی شەعبییە
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: ”بارودۆخی ئەمنی ناو شاری خانەقین زۆر تێکچووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەندین کردەوەی تیرۆرستی وەک تەقینەوە و دانانی بۆمب ئەنجام دراوە، بۆ نموونە بۆمب بە ئۆتۆمبێلی مپۆلیسێکی هاتوچۆ دانرا خۆی و هاوسەرەکەی بەو هۆیەوە شەهید بوون، هەورەها کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردووش لە گەڕەکی ئەرکەوازی شاردا بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی دادوەرێکدا تەقییەوە“.
بەرپرسی لقی 15ی خانەقین، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو کردەوانە هیچی بە کاری داعش نازانێت، بەتایبەت کردەوەکانی ناو شار ئیشی حەشدی شەعبیە، لەبەر ئەوەی ئەوانە گروپن و کەس خاوەنیان نییە و کەس بە کەس نییە، گوتیشی: ”زیاتر لە 500 گوندی ئێمە لە سنووری شارەدێیەکانی قەرەتەپە، جەلەولا و جەبارە هەتا دەگاتە خانەقین، کاتی خۆی لیوای سێ و لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگەی لێ بووە، بەڵام ئێستا شوێنەکانییان داعش بە ئازادی و بە بێ ترس و بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی تێدا دەکەن، لە پاڵ ئەوانیش هێزی ئاڵا سپیەکان هەن“.
ئاشکراشی کرد، کە داوایان لەسەر ئەم بابەتە ئاراستەی سەرکردایەتیی پارتی کردووە، بۆ هەمان مەبەستیش لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە ئەنجام دراوە، باس کرا کە چۆن هێزی پێشمەرگە بە شکۆوە بگەڕێتەوە، نەک ئەوەی ئەوان بەبێ پێشمەرگە و ئاڵا بگەڕێینەوە بارەگاکانیان.
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، کە ئامانجی حەشدی شەعبی لەو کردەوانەی لە سنووری خانەقین ئەنجامی دەدات، ئەوەیە کە ڕێگەی پێ بدرێت هێزی زیاتر بێنێتە ناوچەکە، دەشڵێت: ”ئەگەر هەموو سوپای عێراقیش بێنە ناوچەکە، بەقەد لیوای سێ کە پێشتر لە ناوچەکەدا بوون، ناتوانن ئەمنییەتی کورد، عەرەب، تورکمان، شیعە، سوننە و کاکەی بپارێزن“.
16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بەهاوکاری گرووپێکی خیانەتکار، دەستیان بەسەر کەرکووک و خانەقین و دەوروبەری داگرت.
باسنيوز
