چەند مانگی دابێ، پێشمەرگە لە نەخۆشخانە تایبەتەکەیان چارەسەر دەکرێن

چەند مانگی دابێ، پێشمەرگە لە نەخۆشخانە تایبەتەکەیان چارەسەر دەکرێن
ماوەی شەش مانگە دەست بە دروستكردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە كراوە و وەك بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەیش دەڵێ، سێ مانگی دیكە نەخۆشخانەكە دەكەوێتە كار و پێشمەرگە لە نەخۆشخانەی خۆیان چارەسەر وەردەگرن.

لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، نزیكەی ١٣ ھەزار پێشمەرگە بریندار بوون و بە ھۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی سەربازییەوە، پێشمەرگە بریندارەكان لە نەخۆشخانەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان چارەسەر دەكران.

عەمید ڕوكن ھەژار عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك بەشی پەیوەندی و ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەماھەنگیمان لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا كرد و، داوامان لە ئەڵمانیا كرد بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندار و نەخۆشەكان نەخۆشخانەیەك دروست بكەن، وڵاتی ئەڵمانیا رەزامەندی لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەكە دەربڕی و ماوەی شەش مانگە دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كراوە، كە ھەر بە ناوی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیە".

پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی ناوەندیی پێشمەرگە، دەكەوێتە شارەدێی بەحركەی باكووری شاری ھەولێر و بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێت، بە تەواوبوونیشی پێشمەرگە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن.

بەرپرسی پەیوەندی و ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێشبینی دەكەین لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە كۆتایی بێت و دەكەوێتە كار بۆ خزمەتكردن و چارەسەركردنی پێشمەرگە قارەمانەكان، ئەمە نەخۆشخانەیەكی مەركەزیی پێشمەرگەیە و ھەر پێشمەرگەیەك پێویستی بە چارەسەركردن ھەبێت، لە نەخۆشخانەی ناوەندیی پێشمەرگە چارەسەر وەردەگرێت".

ھاوپەیمانان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، ھاوكاریی ھێزەكانی پێشمەرگەیان كرد و جگە لە گەیاندنی چەك و پێداویستیی سەربازی، ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعشیان لەسەر ئەركی خۆیان رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا كرد بۆ چارەسەركردن. عەمید ڕوكن ھەژار عومەر دەڵێت: "راستە نەخۆشخانەی پێشمەرگە زیاتر تایبەتە بە چارەسەركردنی پێشمەرگە، بەڵام لە كاتی پێویستدا كەسوكاری پێشمەرگەیش دەتوانن سوود لە خزمەتەكانی ئەو نەخۆشخانەیە وەربگرن و ھەمووچارەسەرێكی برینداری و نەخۆشییەكانی تێدا دەكرێت".
kdp-
Top