نێچیرڤان بارزانی: ھەڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا دەكرێت.. نیگەرانین لەدۆخی كه‌ركووك

 	 نێچیرڤان بارزانی: ھەڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا دەكرێت.. نیگەرانین لەدۆخی كه‌ركووك
سەرۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بۆ ئێمە گرینگە ٣٠ رۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران بدەین". سەبارەت بە دواخستی ھەڵبژاردنەكانیش ڕوونی كردەوە: "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا دەكرێت".

ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە گفتوگۆمان كردووە سەبارەت بە دۆخی كەركووك و نیگەرانین لەو دۆخە، سەبارەت بە پرسی گەڕانەوە بۆ كەركووك تا ئێستا ھیچ كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەغدا نەكردووە، ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە كەركووك، بۆ دۆخی ئەمنی دەگەڕێینەوە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "تا ئێستا بەغدا ڕەزامەند نییە بە ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە ڕێی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە، سەبارەت بە كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی لە پرۆسەی ھەناردەكردنی نەوت، راپۆرتی خۆی لەبارەی ھەناردەكردنی نەوتی كوردستان خستووەتە روو، لە چەند رۆژی داھاتوویشدا بە شێوەیەكی فەرمی ھەموو ژمارە و داتاكان بڵاو دەكەینەوە، ھەروەھا خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە لە فرۆشتنی نەوت ئاگادار بن".

ئەوەیشی خستە ڕوو: "لەسەر كۆگاكانی چەك لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا قسەمان كردووە و لیژنەیەك پێك دەھێنین بۆ لێكۆڵینەوە لە سووتانی ئەو كۆگایانە".

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا ھیچ لایەنێك داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستانی نەكردووە.

لەبارەی نیگەرانیی مامۆستایان لەوەی لە لیستی یەكەمی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكاندا نین، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئاگاداری نیگەرانیی مامۆستایانین، بەڵام مەبەستێكی دیاریكراو لە دواخستنی ھیچ وەزارەتێكدا نییە، ئەوەی گرینگە ھەر ٣٠ رۆژ جارێك مووچە بدرێت".

ئەو هەروەها دەشڵێ: "پشتگیریی خۆمان بۆ ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەربڕیوە بۆ ئەوەی لایەنە ناڕازییەكان گلەییان نەمێنێت، دەمانەویێت نیگەرانیی لایەنەكان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان نەمێنێت."

سەرۆكوەزیران ڕاشیگەیاند: "پیرۆزباییم لە ئەردۆغان كرد و لەگەڵ توركیا لە قۆناغێكی نوێداین و جەختمان لە پەیوەندیی نێوان ھەولێر و ئانكارا كردەوە".

ھەروەھا سەبارەت بە كارەبایش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: " لە كەرتی كارەبادا چاكسازی دەكەین و لە ھەوڵداین كێشەی كارەبا بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارە بكەین".

سەبارەت بەم دۆخەی كە لە قەندیلیش ھەیە، ئاماژەی دا:" ئێمە دژی ئەوەین خاكی ئێمە بەكار بێت بۆ ھێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێمان، بۆیە داوامان لە پەكەكە كردووە كە واز لەو ئۆپەراسیۆنانە بێنێت، چونكە ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە، خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەن".
kdp-
Top