ململانێی وەزیری دارایی و بریکارەکەی لەسەر گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێک قووڵ دەبێتەوە

 ململانێی وەزیری دارایی و بریکارەکەی لەسەر گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێک قووڵ دەبێتەوە
هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری ئەو وەزارەتە، لەسەر گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێک لەنێو وەزارەتەکەدا، دەکەونە ململانێ و کێشەکەیان کاریگەری لەسەر دۆخی وەزارەتەکە درووست دەکات.

دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری گۆڕینی سێ بەڕێوەبەر و دانانی سێ کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دەردەکات، بەڵام ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیارەکەی وەزیر ڕادەگرێت و ڕێگە بەو ئاڵوگۆڕە نادات، بەو هۆیەشەوە ناکۆکییەکی قووڵ دەست پێ دەکات.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ململانێکەی نێوان وەزیری دارایی و بریکارەکەی، کاریگەری لەسەر رەوشی نێو وەزارەتی دارایی و بەڕێوەچوونی کارەکان درووست کردووە و بەشێکیش لە فەرمانبەران لە نێوان هەردوو جەمسەری وەزارەتەکەدا تووشی ئاستەنگ و کێشە بوون.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی ئاشکراى کرد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ناوبژیوانیکردن، لەگەڵ ڕێباز حەملان و ڕابەر سدیق کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون کۆتایی بە ململانێکەیان بهێنن.

دوای مۆڵەتپێدانی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پاشان دەست لەکار کێشانەوەی وەزیرەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، رێباز حەملان وەک کەسێکی سەربەخۆ بڕیاری مانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا.









باسنيوز
Top