ژیان لە گوێڕ ئاسایی بووەتەوە"
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ئاشکرای کرد، بە ھۆی ھەبوونی پێشمەرگەوە ھیچ جووڵەیەکی تیرۆریستانی داعش لە گوێڕ نییە و بۆ گەڕانەوەی خەڵکیش پێویستی بە لێکۆڵینەوە ھەیە، ئەگەر کەسێک بیەوێ بگەڕێتەوە ناو گوێڕ و گومانی لەسەر ھەبێت.
لەو بارەیەوە ھێرش حوسێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش لە سنووری مەخموور دەستی بە جووڵە کردووە و لە ڕۆژانی ڕابردوو پێشمەرگە و ھاوپەیمانان توانییان گورزی کۆشندە لە چیای قەرەچۆخ لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن، بەڵام لە سنووری ناحیەی گوێڕ تا ئێستا ھیچ جووڵەیەکی داعش نییە و ھەموو گوندەکانی سنوورەکەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدان، ھیچ کەسێک زانیاریی پێ نەداوین لەسەر چالاکبوونی داعش لە ناوچەکە و لیژنەی ئەمنی لە ناحیەی گوێڕ ھەیە و بەردەوام چاوکراوەن، ئەوەیشی کە بەرپرسێکی حزبی لێدوانی بۆ ڕاگەیاندنەکان داوە، دوورە لە ڕاستییەوە."
ناحیەی گوێڕ دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ھەولێر و بە ھۆی ھاوسنووری لەگەڵ پارێزگای نەینەوا ناوچەکانی نزیک گوێڕ بەردەوام ئاڵۆزیی ئەمنییان تێدایە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیشەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ڕوونی کردەوە: "گەڕانەوەی ئەو خەڵکەی بە ھۆی ھێرشی داعشەوە لە گوێڕ ئاوارە ببوون بەردەوامە و تا ئێستا سێ بەشی دانیشتوانی ناحیەی گوێڕ گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ژیان لە شاردێی گوێڕ ئاسایی بووەتەوە."
پەیوەست بەو خەڵکەی پێشتر لە سەردەمی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش گومانی داعشبوونیان لەسەر بووە، یان دەستیان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش تێکەڵ کردبوو، ھێرش حوسێن دەڵێت: "بێگومان ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە گوێڕ گومانی لە خۆی ھەیە و ھەر ھاووڵاتییەک کێشەی ئەمنیی نەبێت و بیەوێ بگەڕێتەوە ئێمە وەک ئیدارە ھاوکاری دەبین، بەڵام بۆ گەڕانەوەی ھەرکەسێک گومانی لەسەر بێت، ئەوا پێویستە بە فلتەری ئەمنیی ئاسایشی ھەولێر و فلتەری ئەمنیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقدا دەرباز بێت و ھەرکەسێک لە فلتەری ئاسایش دەرچوو و کێشەی ئەمنیی نەبێت ئازادە بۆ گەڕانەوە. بەپێچەوانەوە دەزگاکانی ئاسایش لێپرسینەوە لە ھەر کەسێکی گومانلێکراو دەکەن."
kdp-
