دابەشكردنی بەنزینی حكوومی ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەگرێتەوە
مستەفا تەها، بەڕێوەبەری دابەشكردنی سووتەمەنیی هەولێر ڕايگەیاند قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی ئەو بڕە بەنزینە حكوومییەی كە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەولێر دابین كراوە، لە بەنزینخانەكانی شۆڕش، ڕزگاری و عەنكاوە، بەردەوام دەبێت".
مستەفا تەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە قۆناغی دووەمی دابەشكردنی بەنزینی حكوومی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیش دەگرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵی ئەوە دان بەنزینخانەكانی مەسیف، شەقڵاوە و حەریر كە دەكەونە دەرەوەی شارەوە بكرێنەوە.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی سووتەمەنیی هەولێر، باسی لەوەش دەکات كە نرخی هەر لیترێك بەنزینی حكوومی بە 600 دینار دیاری كراوە و 40 دیناریش وەكوو كرێی گواستنەوە و داهات دەچێتە سەر ئەو نرخە.
بڕی ئەو بەنزینەی كە حكوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر داوە پێنج ملیۆن لیترە بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك، تا ئێستا یەك ملیۆن لیتر گەیشتووەتە شاری هەولێر و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بەشەكەی دیكەش بگات و پرۆسەكەش بەردەوام بێت.
باسنيوز
