لیژنەی نەوت و غاز: بەغدا بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك، ناچارە بگەڕێتەوە ھەرێم

لیژنەی نەوت و غاز: بەغدا بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك، ناچارە بگەڕێتەوە ھەرێم
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، حكوومەتی عێراق ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم بكات بۆ ئەوەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی ئەوانەوە ھەناردەی دەرەوە بكرێت، چونكە جگە لەمە، رێگەی دیكەی نییە.

وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق، باسی لەوە كردووە كە لەگەڵ ھەرێم و توركیا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە بكەن و، گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتن، كە ئێستا رۆژانە ٢٢٠ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دێت و لە ناوخۆی عێراقدا ساغ دەكرێتەوە.

لەو بارەیەوە، فوئاد حوسێن، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك چەندین رێگای گرتوونەتە بەر و لە ھیچیان سەركەوتوو نەبووە و تەنیا نەوتی كەركووكی بەھەدەر داوە، چونكە ئەگەر رادەستی ئێرانی بكات بە تەنكەر، زیانی لە قازانج زیاترە و ئەگەر لەناو بۆرییەكانیشدا بمێنێتەوە، زیانی دەبێت و توانایشی نییە بۆڕییە كۆنەكە چاك بكاتەوە، بۆیە ھیچ رێگای نەماوە جگە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و نەوتەكە لە رێگەی ئەو بۆڕییەوە ھەناردەی دەرەوە بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستە رێككەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بكات، كە ئێمەیش پشتگیری لەو ھەنگاوە دەكەین، چونكە كەركووك لە داھاتی ئەو نەوتە بێبەشە و ئەگەر رێككەوتن بكرێت، پارەی پترۆدۆلار دەدرێتە خەڵكی كەركووك".

حوسێن گوتیشی: "ئەوەی زۆر گرینگە، ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان بە رێگایەكی پارێزراودا دەڕوات و كێشەی نییە و ھیچ مەترسییشی لەسەر نییە، بۆیە ئەمە زۆر گرینگە و حكوومەتی عێراقیش ئەمە بە باش دەزانێت، لەبەر ئەوە ناچارە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێم و رێككەوتنی لەگەڵ بكات و رێگەی دیكەی نییە".

ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، هەروەها دەڵێ: "ئێستا بەشێكی نەوتی كەركووك، كە نزیكەی ١٥٠ھەزار بەرمیلە، بۆ پاڵاوگەكان دەڕوات و ئەگەر پەرە بە كێڵگەكان بدرێت و چاك بكرێنەوە، دەتوانرێ بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٥٠٠ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا زیاد بكرێت، ئەوكاتیش داھاتێكی زۆر بۆ عێراق دەستەبەر دەبێت"
kdp-
Top