شارەزایەکی جینۆساید: بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە

 	 شارەزایەکی جینۆساید: بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە
شارەزایەکی بواری جینۆساید پێی وایە ڕەوشی کەرکووک لە ڕووی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەوە لەمەترسیدایە و جگە لە پیلانی بەعەرەبکردن بەشیعەکردنیش لە ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردووە.

دوای پڕۆسەی داگیرکەری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پیلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو جێبەجێ دەکرێت و بە لێشاو عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی کەرکووک و دەوروبەری دەکرێن، شارەزایانی ڕەوشەکەش وای بۆ دەچن ڕەوشی کەرکووک بە ھۆی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەکانەوە لەبەردەم تەقینەوەیەکی گەورەدایە و خەریکە ڕەوشی کەرکووک لەدەست ھەموو لایەک دەردەچێت.

زەمان عەبدە، ماوەی بیست ساڵە کار لەسەر جینۆساید و گۆڕینی دیموگرافیای خاکی کوردستان دەکات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئاشکرایە دوای ڕووداوەکانی داگیرکەریی ناوچە کوردستانییەکانی وەک کەرکووک و خورماتوو چ کارەساتێک بەسەر ھاووڵاتییانی سڤیلی ئەو ناوچە ھێنرا لە لایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبی و عێراقەوە، ئەوەی لە دوای ڕووداوەکانی داگیرکەرییەوە ڕووی دا ھیچی کەمتر نییە لەو جینۆسایدەی سەدەی ڕابردوو بەسەر کوردا ھێنرا."

عەرەب لە تکریت و مووسڵ بە لێشاو ھاوردەی نێو سەنتەری شاری کەرکووک و ناوچەکانی داقووق و دوبز و خوروماتوو و سەرگەڕان دەکرێت، ھەمووشیان لەسەر زەویی جووتیارانی کورد نیشتەجێ دەکرێن و دەیانەوێ کورد دەر بکەن لەسەر خاکی باب و باپیریان. ئەو شارەزایەی جینۆساید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو پیلانەی بەغدا و ھەندێ لایەن لە کەرکووک جێبەجێی دەکەن ناشاردرێتەوە و لەوە دەرچووە، بەڵام مەترسی لەوەدایە جگە لە ھێنانی ژمارەیەکی زۆر عەرەبی شۆڤێنی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، پیلانێکی دیکەی مەترسیدارتریش بەڕێوە دەبرێت."

بە گوتەی عەبدە: "ئێستا پیلانی ھاوردەکردنی شیعەش دەستی پێ کردووە و بە ھۆی ھەبوونی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق و کەرکووک ژمارەیەکی زۆر عەرەبی شیعە ھاوردەی ناوچەکانی دەوروبەر و ناو سەنتەری شاری کەرکووک کراون و پیلانی بەعەرەبکردن کەم نەبوو بەشیعەکردنیشیان دەست پێ کرد."

زەمان عەبدە، کە لە داگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کەیسی کوردانی فەیلی و بارزانی و گەرمیان، ڕوونی کردەوە: "ڕەوشی کەرکووک زۆر مەترسیدار بووە بە ھەموو پێوەرەکان جینۆسایدە ئەو ھەموو پیلانەی دژی کورد بەڕێوە دەچێت، ئەگەر سنوورێک بۆ داگیرکەری دانەنرێت ڕەوشی کەرکووک ئەوەندە مەترسیدارە ئەگەری ھەر ڕووداوێک ھەیە، بەتایبەتی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دواڕۆژێکی مەترسیدار بەرھەم دێنێت."

حەفتەی ڕابردوو بە ھۆی زۆربوونی چالاکیی داعش و چۆڵکردنی ھەندێ ناوچەی کەرکووک لە لایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی کاکەیی ناوچەکانیان بەجێ ھێشت و ئاوارە بوون، ئەو شارەزایەی جینۆساید پێی وایە: "ناوچەکانی کوردی کاکەیی زیاتر لەمەترسیدان، مەبەست لەوەی کە ھیچ ھێزێکی عێراق ناچێتە سنوورەکە بۆ پاراستیانیان چۆڵکردنیەتی لە لایەن خەڵکە ڕەسەنەکەیەوە، پێشتر ئەو ناوچەیەی کاکەییەکان یەک فەوجی پێشمەرگەی تێدا بوو تا بپارێزرێن."
kdp-
Top