حکوومەتی عێراق: لەبارەی نەوتی کەرکووکەوە لەگەڵ هەولێر و ئەنقەرە لە گفتوگۆ داین
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی، جەبار ئەللعێبی، وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی بەردەوامە، لە پێناو سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە بڕیاری دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک، پشت بە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرسێ لایەن دەبەستێت.
جەختیشی کردووەتەوە کە بەغدا بەو مەبەستە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکات، تاوەکوو نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەرەکەی تورکیا بکات، چونکە بۆڕیی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا بەهۆی هێرشی تیرۆریستییەوە زیانێکی گەورە و وێرانکەری بەرکەوتووە.
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە کە بەرهەمی ئێستای نەوتی کەرکووک دەگاتە ٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و سەرجەمی بەرهەمەکە بۆ پاڵاوگە محەلییەکان ڕەوانە دەکرێت.
پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کردووە کە بڕی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ڕەوانەی پاڵاوگەیەکی سەر بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت کە لە سنووری سلێمانیدایە.
باسنیوز
