دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا
ھێمن دەلۆ، لە كەركووك رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لە شاری كەركووك روویاندا، بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 10 كەسی ھێزەكانی عێراق برینداربوونە".
گوتیشی: "تەقینەوەی یەكەم لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بوو، كە خۆكوژێك لێیدەخوڕی، لەسەر رێگەی كەركووك- بەغدا، لەپێش كۆگای سندووقەكانی دەنگدان تەقییەوە".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "ئەو شوێنەی تەقینەوەكەی لێ رووداوە، بازگەیەكی ھاوبەشی دژەتیرۆری عێراقی و ھێزەكانی پۆلیسە، لەناو بریندارەكانیش ھاووڵاتی سڤیل ھەن، چونكە شوێنی تەقینەوەكە رێگایەكی سەرەكییە".
لەبارەی تەقینەوەی دووەم، پەیامنێری كوردستان24 گوتی: "تەقینەوەی دووەمی ئەمڕۆی شاری كەركووك، لە رێگەی بۆمبیكی چێندراو بووە، لە نزیك مزگەوتی حاجی سەدری، كە ئەویش دەكەوێتە سەر رێگەی بەغدا، بە گوێرەی زانیارییەكان ھیچ زیانێكی گیانی نەبووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ھێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگە نادەن، میدیاكاران بچنە شوێنی تەقینەوەكان و رووماڵی بكەن، دوای تەقینەوەكانیش ھێزەكانیان لە ناو شاری كەركووك بڵاوە پێكردووە".
k24-
