كۆمپانیای پەخشی كەناڵەكان سەریان لە هاووڵاتیان شێواندووە.. دادگا دۆسییەكەی یەكلا نەكردووەتەوە

 	 كۆمپانیای پەخشی كەناڵەكان سەریان لە هاووڵاتیان شێواندووە.. دادگا دۆسییەكەی یەكلا نەكردووەتەوە
ئێستا سێ كۆمپانیا پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان دەكەن و هاووڵاتیانیش نیگەرانی ئەو بارودۆخەن، وەك خۆیان هێمای بۆ دەكەن، بە كڕینی هەر ئامێرێك بێبەش دەبن لە بینینی هەندێ كەناڵی دیكە، بەو پێیەی هەر كەناڵەو لەگەڵ یەكێك لەو كۆمپانیانە بۆ پەخشی كەناڵەكەی گرێبەستی كردووە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێ، دۆسییەی ئەو كۆمپانیایانەمان رەوانەی دادگا كردووە و ئەو یەكلای نەكردووەتەوە.

ئەیووب گەردی، دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "من ئامێری پەخشی كەناڵی یەكێك لەو سێ كۆمپانیایەم كڕیوە، بەڵام سەرجەمی كەناڵەكانی تێدا نییە، ئەوەش نیگەرانی كردووم لە بێبەشبوونم لە هەندێ كەناڵ، كە لەگەڵ دوو كۆمپانیاكەی دیكەدا گرێبەستیان كردووە، تا لە رێی ئەوانەوە پەخشی كەناڵەكانیان بكەن".

ئەو هاووڵاتییە، بێزاریی خۆی ناشارێتەوە و ئەوەش دەڵێ، كە دەبێ جیا لە كڕینی ئامێرەكە، ئالێریش بگۆڕیت، گوتیشی: "بۆ بێبەشنەبوون لە سەرجەمی كەناڵە ناوخۆییەكان، دەبێ هەرسێ ئامێری ئەو سێ كۆمپانیانە بكڕیت، ئەگەر من ھەرسێ ئامێرەكە بكڕم، بایی ۱٠٠دۆلارە، هەروەها كارتەكانیشیان بایی ١٠٠ دۆلارە، ئەوەش بۆ فەرمانبەر و لەم بارودۆخەیشدا، دەبێ مووچەی مانگێكی بەس بە ئامێر و كارت بدات".

"دوای ئەوەی ئەو كۆمپانیانە بێ گوێدانە بارودۆخی خراپی ئابووریی هاووڵاتیان بڕیاریان دا بە پارە كەناڵە ناوخۆییەكان پەخش بكەن، ئامێرێكی كەناڵە ئاسمانییەكانم بە هەرزانترین نرخ كڕی". ئەمە قسەی رەنج سەڵاحی هاووڵاتییە.



رەنج گوتیشی، پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار، رێ بە وەها كارێك نەدات، چونكە ناكرێ و نەبووە پەخشی كەناڵەكان لە رێی سێ كۆمپانیاوە بێت، ئەی هاووڵاتی چۆن دەتوانێت لە یەك كاتدا سێ ئامێر و سێ كارتی جیاواز بە بڕەپارەیەكی زۆر بكڕێت، لە پێناو بێبەشنەبوونی لە سەرجەم كەناڵەكان؟

ئەو هەروەها بە سەرسامییەوە دەشڵێ: "سەرمان لێ شێواوە و نازانین ئامێری كام كۆمپانیا بكڕین ".

سەوری عیسمەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە كێشەی ئەو كۆمپانیایانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "ساڵێكە ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو كۆمپانیایانە و رێگەچارەیان دەكەین، ئێمە وەك ئەنجوومەنی پارێزگا دەستەوەستان نەبووین".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەوانەیە ئەو كۆمپانیایانە لە پشتەوە رێككەوتنیان هەبێت بۆ چارەكردنی پەخشی ئەو كەناڵانەی كە لای یەكتر گرێبەستیان نەكردووە و، بتوانن ئەوانیش ئەو كەناڵانە پەخش بكەن.

سەبارەت بە چارەكردنی ئەو پرسەش، سەوری ئاشكرای كرد، كە سكاڵایان لەسەر كۆمپانیاكان لە دادگا تۆمار كردووە و دۆسییەكە لەوێیە، بەڵام تاوەكو ئێستا دادگا دۆسییەی ئەو كۆمپانیایانەی یەكلا نەكردووەتەوە.
kdp-
Top