سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆن: پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان زیاتر لە مانگێك دەخایەنێت

 	 سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆن: پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان زیاتر لە مانگێك دەخایەنێت
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند، ئەم حەفتەیە دەست بە ژماردنی دەنگەكان بە ‌دەست دەكرێت. سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنیش ڕایدەگەیێنێت، ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە مانگێگ دەخایەنێت و گۆڕانكاریی گەورەیش دروست ناكات. پەرلەمانتارێكی خولی سێیەمیش دەڵێ، یەكەم دانیشتنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دوا دەكەوێت .

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ڕاگەیێندراوێكدا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، رۆژی 3ی ئەم مانگە لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەست دەكەن بە جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست لەو بنكە و وێستگانەی كە‌ ‌دەنگەكان سكاڵایان لەسەرە و تانەیان لێ دراوە.

سەربەرست مستەفا، سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "دەستەی نوێی دادوەران كە بۆ كۆمسیۆن دانراون، دیارە جیاوازییان نەكردووە لە نێوان تانە و سكاڵادا، چونكە سكاڵاكان لە رۆژی دەنگدانن و تانەیش لەسەر ئەنجامەكانە، ئێستایش كە بڕیارە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست لەم حەفتەیەدا دەست پێ بكات، هەرچەندە تەواوی دەنگەكان بە دەست هەژمار ناكەنەوە و تەنیا لە حەوت پارێزگا دەبێت و لە شاری كەركووك دەست پێ دەكەن لەگەڵ دەنگەكانی دەرەوە، بۆیە پێشبینی دەكەم هەژماركردنی دەنگەكانی ناوەوەی عێراق نزیكەی 14 رۆژ بخایەنێت، هەروەها جیاكردنەوەی دەنگەكانی دەرەوەیش لە نێوان 10 تا 20 رۆژی پێویستە، بۆیە ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە مانگێك دەخایەنێت بە كاركردن لەسەر سكاڵا و تانەكان و ماوەی 10 رۆژیش لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەخایەنێت تا تەواوی دەكەن".

مستەفا ڕوونی دەكاتەوە: "دوای تەواو كردنی ئەو پڕۆسەیە، دەبێت ئەنجامەكان بە ناو بۆ دادگای فیدڕاڵی ڕەوانە بكرێن نەك ئەنجام تا پەسەندی بكەن، بۆیە پێشبینی ناكرێت 1 تا 5ی مانگی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات."

وەك ئەو هێمای بۆ كرد: "بەم شێوە هەژماركردنە، لە ئێستادا ناتوانرێت قەناعەت بە هەموو لایەنەكان بكرێت، بڕیاری دادگای فیدڕاڵییش بۆ هەژمارنەكردنەوەی تەواوی دەنگەكان كە لە گشت وێستگەكان بە دەست نەبێت، شێوە ڕەزامەندییەك بوو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بۆیە بە ڕای من ئەو پڕۆسەیە زۆر گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دروست ناكات، لە هەندی پارێزگایش تەنیا كاریگەری لەسەر كاندیدەكان دەبێت و، ئەگەر‌ كاریگەری لەسەر ئەنجامی لایەنەكانیش بكات، كورسییەك یاخود دوو كورسی كەم یان زیاتر بكات، ئەمە ئەوپەڕی كاریگەرییە."

لای خۆشیەوە، د. ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی دواكەوتنی دانیشتنی خولی چوارەم و پێكهێنانی حكوومەتی نوێوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پێویست بوو ئەمڕۆ 1-7 پەرلەمانتارانی خولی چوارەم یەكەم دانیشتنیان ئەنجام بدایە، بەڵام دوا دەكەوێت و ئەمەیش بۆ چەند ئەگەر و خاڵێك دەگەڕێتەوە و لەسەر وڵاتانی دەوروبەر ئەوانەی بڕیار لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەدەن، ماوەتەوە كە رێك بكەون لەسەر بەرژەوەندیی خۆیان، چونكە هەندێ شت بە مەحاڵمان زانی، بەڵام لە ژێر گوشاری دەوروبەردا لە عێراق جێبەجێ بوو".
kdp-
Top