"بە ھۆی سەقامگیریی ڕەوشی ئەمنییەوە ھاووڵاتییانی عەرەب سەردانی ھەرێم دەکەن"

بە ھۆی ئارامیی ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستانەوە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئەگەر ڕێگریی ھێزە عێراقییەکان نەمێنێ ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاری عەرەب دێنە ھەرێمی کوردستان.



ھەرێمی کوردستان چەندین ناوچەی گەشتیاری ھەیە و بە ھۆی سەقامگیریی ڕەوشی ئەمنی و ھەبوونی شوێنی گونجاو گەشتیاران دەخوازن سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن. ھێرش ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە لە پشووی جەژنی ڕەمەزاندا گەشتیارێکی زۆری عەرەب لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ھۆکاری سەرەکیی ھاتنی ھاووڵاتیان و گەشتیارانی عەرەب بۆ سەقامگیریی ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە پێشتر شەڕی داعش کاریگەریی ھەبوو لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیارانی عەرەب، بەڵام لە جەژنی ڕابردوو دەرکەوت سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی ھەبوو لە ھاتنی گەشتیارادا."



دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماری ڕۆژانی جەژنی بڵاو کردەوە کە بەم شێوەیەیە، زیاتر لە ٢٥٥ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ھەمان کاتدا کە ٢٤٣ ھەزار گەشتیار بوو، بە ڕێژەی ٥% زیادی کردووە، مەزندە دەکرێ داھاتی گەشتیاری لەو ١٠ ڕۆژەدا، زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بێت بۆ ناو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، ٩١%ی گەشتیارانیش لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوون.



لەبارەی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەردەوام ھەماھەنگی ھەیە لەگەڵ ئاسایش و ھێزەکانی پۆلیس ئەوانیش لە بازگەکان زۆر بە ڕێزەوە پێشوازی لە گەشتیار و ھاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەن و ھیچ کێشەیەک لەو بارەیەوە نییە."



نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کەرتی گەشتیاری ڕوو لە بووژانەوەیە و ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەکات، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو پلانە ستراتیژییەیە کە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دانراوە، بە تایبەت پەرەپێدانی جێگا گەشتیارییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکان، لەم وەرزەدا ھاتنی شەپۆلی گەشتیاران بەردەوام دەبێت، بۆیە گرینگە ھاووڵاتییان بە ڕووی گەش و ڕەفتاری جوان و مامەڵەی شیاو پێشوازی لە گەشتیاران بکەن و ھانیان بدەن دووبارە بێنەوە ھەرێمی کوردستان."



ھێرش ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "کێشەی سەرەکی نەبوونی ڕێگایە لە پارێزگای مووسڵ و کەرکووکەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئاستەنگ بۆ ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست نەکەن، ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە ڕێژەی گەشتیاران و ھاووڵاتییان بۆ ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بەڵام خراپیی ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک و مووسڵ لەگەڵ ئاستەنگەکانی ھاتوچۆ ڕێگرە لەبەردەم ھاتنی گەشتیاراندا."
kdp-
Top