پێشمەرگە ئامادەکاری کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر جووڵەیەکی داعش"
جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئاشکرای کرد: "ئێستا مەترسیی گرووپی تیرۆریستیی داعش زیاتر بووە و خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە تا چالاکی ئەنجام بدات، ئەویش ھۆکارەکەی بێھێزیی سوپا و ھێزەکانی دیکەی عێراقە کە ناتوانن کۆنتڕۆڵی ھیچ دەڤەرێک بکەن."
لەو بارەیەوە، عەمید سەید ھەژار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی چالاکیی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری بەردەوام چاودێریی جووڵەی چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەکات و زانیاری ھەواڵگری کۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بزانین داعش تا چەند ماوە لە ناوچەکە و نیازی چییە، بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ھەواڵگریی پێشمەرگە کەوتوون، ئێستا داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی چەکدارەکانییەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەھێز بێت، بەردەوامیش خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێردەستی ھێزە عێراقییەکان پەیوەندییان پێوە دەکەن و کۆنەچەکدارەکانیشیان ڕێک دەخەنەوە."
جێگری فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕوونی کردەوە: "ڕاستە داعش لە چەندین ناوچەی عێراق بەھێزتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەردەوامیش لەھەوڵدایە دەستی خۆی لە ھێزە عێراقییەکان و گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوەشێنێت، بەھێزیی داعش لەوەدایە ھێزە عێراقییەکان لاوازن و ناتوانن وەک پێویستە کۆنتڕۆڵی ھەندێ ناوچەی عێراق بکەن، بەتایبەتی لە دەوروبەری مووسڵ و کەرکووک."
لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا، کە تا چەند مەترسیی داعش لەسەر ھەرێمی کوردستان ماوە، عەمید سەید ھەژار دەڵێت: "داعش ھەمیشە مەترسییە بۆ سەر ھەموو ناوچەکە، بەڵام ئەو مەترسییەی داعش لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق ھەیەتی، بێگومان لەسەر ھەرێمی کوردستان نییەتی، چونکە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر کردار و ھێرشێکی تیرۆریستیی داعش."
عەمید سەید ھەژار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دوای زیادبوونی جووڵەی داعش ھێزەکانی پێشمەرگەش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی بەرەنگاریان ببنەوە و تا داعش و مەترسییەک لەسەر ھەرێمی کوردستان مابێت سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک خۆی دەمێنێتەوە."
kdp-
