لە رووداوێکی هاتوچۆدا 10 کەس لە گەرمیان بوونە قوربانی
ئەمڕۆ یەکشەممە 1\7\2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، لە راگەیاندراوێکدا، لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە بەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای خانەقین - کەلار، نزیک گوندی شێرەوەن، ڕووداوێکی پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لەجۆرەکانی هۆندا و توێتا کرۆلا ڕووی دا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەئەنجامدا هەردوو شۆفێر و هەشت سەرنشین برینداربوون، کە پێنج لەبریندارەکان منداڵن لەئێستا چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان کراوە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە سێ لەبریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون و شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکەش بەبڕیاری دادوەر، بەپێی مادەی 23ی هاتوچۆ ڕاگیراون.
باسنيوز
