فراکسیۆنەکەی عەلی باپیر دەنگی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەدا
قادر وەتمان، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دەنگ نەدانی پەرلەمانتارەکانی کۆمەڵ بۆ یاسای ژمارە ٣ی تیرۆر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”برادەرانی کۆمەڵ پێیان وایە ناوەڕۆکی ھەندێک لە مادە و بڕگەکانی ئەم یاسایە خراپ بەکار ھێنراون، چونکە کاتی خۆی ھەندێک لە ئەندام و لایەنگرانیان بەھۆی ئەو یاسایەوە حکوم دراون، بڕواشیان وایە کە کردەوەی ئەو کەسانە لە بنەڕەتدا کردەوەی تیرۆرستی نییە“.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە پەرلەمانتارەکانی کۆمەڵ کە لە ناو ئەنسارولئیسلام بوون، ڕەنگە ئەوان بە تیرۆرست لە قەڵەمی نەدەن، بەڵام ”لە بنەڕەتدا کردەوەکانیان تیرۆرستی بووە“. دەشڵێت: ”کاتێک لەو بارەیەوە لێیان دەپرسیت، ئەوان دەڵێن ھەندێک لە ئەندام و کادیرەکانمان گیراون و بە ئاشکرا دادگایی نەکراون و کردەوەی تیرۆرستیشیان نەکردووە، تەنیا تۆمەتیان بۆ دروست کراوە و یاساکەشیان کردووە بە بنەما، بەڵام ئەمە ئامانجە سیاسییەکەی ئەوانە، ھەرچەندە خۆشیان لەو بارەیەوە بەدواداچوونیان کردووە و منیش لە ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵیاندا بووم، کاتێک لەسەر ئەو بابەتە پرسیاریان لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایش کرد“.
ئەندامەکەی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمان، ئاشکرای کرد، داواکاریی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ بۆ پەلە نەکردن لە ھەموارکردنەوەی یاساکە و گۆڕانکاری لە یاساکەدا دەکرا ڕەوا بێت، بەڵام ”دەنگ نەدان بە یاساکە کارێکی خراپە“. گوتیشی: ”کاتێک دەنگ نادەی، ئایا جێگرەوەی یاساکە چییە؟، ئایا بەدیلی تۆ بۆ نەمانی یاسایەکەیە لە ھەرێمی کوردستاندا بۆ ڕووبەڕووی تیرۆر؟ ئەوەش کارێکی خراپە، چونکە نەمانی ئەو یاسایە بەڕاستی دروستبوونی بۆشاییی یاساییە بۆ دادگاکان، بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی کە کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن“.
باسنيوز
