گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا کەرکووک بە ئارام دەزانن
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کارگێڕێکی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کە سەر بە گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕەتی کردەوە ڕەوشی کەرکووک خراپ بێت و هەوڵی لایەنە سەربەخۆخوازەکانی کوردستانی بۆ پاراستنی کەرکووک لە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە هەوڵی وێرانکردنی کەرکووک لێک دایەوە.
لە بەرامبەردا عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ڕايگەیاند: ”یەکێتی بەیاننامەی لەسەر ھاتنی داعش و مەترسیی سەر کەرکووک دەرکردووە و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، جگە لە یەکێتی، ھیچ حزبێک بەیاننامەی دەرنەکردووە کە بڵێن کەرکووک مەترسی داعشی لەسەرە، ئەم جۆرە لێدوانانەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە چەوتە و گەوجاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە بۆ ئەوەی خۆیان وا نیشان بدەن کە گوایە دڵسۆزی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو بەرپرسەی یەکێتی و گرووپەکەی، ”خۆیان خیانەتیان کرد، ٥٠٪ی خاکی کوردستانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، لەبەرامبەر ئەوەی چەند بەرمیلە نەوتێکیات پێ بدەن یان نەیدەن، یان لەبەرامبەر سەفقەی سیاسی“.
گوتەبێژەکەی ئەو ئەنجومەنی سەرکردایەتییەی پارتی دەڵێت: ”ھەریەکە لە کۆسرەت ڕەسوڵ و شێخ جەعفەر مستەفا و مەلا بەختیاریش ئاماژەیان بەو گرووپەی ناو یەکێتی کردووە، کە دەستیان لە خیانەتەکە ھەبووە“.
ئەوەی خستە ڕوو، کە ئەم جۆرە لێدوانانە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانە و بەم شێوەیە وا لە خەڵکی کەرکووک دەکەن، زیاتر ترسیان ھەبێت، ”ئێستاش بەبەرچاوی ئەوانەوە نەوتی کەرکووک ڕۆژانە بە دان پێدانانی حکوومەتی عێراق، زیاتر لە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەفەرمی دەڕوات، ئەی ئەو نەوتەی بە قاچاخ دەڕوات دەبێ چەند بێت؟“.
بەرپرسەکەی پارتی ئەوەشی دووپات کردەوە: ”ئێمە گوتوومانە ئەمە داعش نییە، بەڵکوو پلانێکی مەترسیداری حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراقە بۆ تەعریبکردنی کەرکووک، چونکە داعش توانای پێشتری نییە و ناتوانێت ھێرش بکات و شوێن بگرێت“.
باسنيوز
