پەرلەمانی عێراق دەیەوێ تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە
دەستووری عێراق رێگەی نەداوە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، بەڵام دیارە ھەندێ كوتلەی نێو پەرلەمانی عێراق رژدن لەسەر ئەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە. ئەمە گوتەی پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق.
سیروان سیرینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەرلەمان دەیەوێ ئەمڕۆ لە دوایین رۆژی تەمەنی خۆیدا ھەمواری چوارەم بۆ یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، دیارە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە و دوێنێ ھەینی شكستی برد و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە جارێكی دیكە پەرلەمان كۆ ببێتەوە، مەبەستشیان ئەوەیە بە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، پەرلەمان تەمەنی درێژ بكرێتەوە تا تەمەنی حكوومەت بەردەوامە و حكوومەتی نوێ پێك بێت، بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم بتوانن رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران رازی بكەن بۆ تێپەڕاندنی ھەمواری چوارەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق".
ئەمڕۆ تەمەنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و عێراق دەكەوێتە بۆشایی یاسایییەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "من ناتوانم بڵێم ئەو پیلانەی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دانراوە، كۆتایی ھاتووە، بەڵام ئەگەر سەری گرت، ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی چ بڕیارێك دەدات یانیش كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە دوای ھەڵاوێردی دەنگەكان ھەڵوێستی چی دەبێت".
دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە ١٢ی ئایاری رابردوودا، ھەندێك ھێزی نێو پەرلەمان دەنگیان كەمی كرد و بە ھۆی كەمیی رێژەی كۆرسییەكانیان چەندین بڕیاریان دەركرد دژی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان، كە دواتر دادگای فیدڕاڵی بەشێك لەو بڕیاریانەی پەرلەمانی رەت كردەوە، بە تایبەتی بڕیاری رەتكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە. سیروان سیرینی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەبێتە ئەزموونێكی ناشیرین بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و رێگە بۆ خولەكانی داھاتووی پەرلەمان خۆش دەكات تا بتوانن تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، ئەگەر نیەتیان ئەوە بێت پەرلەمان رۆڵی چاودێری ببینێت، ئەوە بە ھەڵەدا چوونە ئەو لایانانە، چونكە ساڵانی رابردوویش پەرلەمانی عێراق ئەوەندە بەھێز نەبووە لە چاودێریكردن، نەخاسمە بگاتە ئەوەی تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە".
kdp-
