هەواڵێك بۆ ئەو قوتابییانەی لە خولی یەكەم دەرچوونە
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی وەرگرتنی دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان و پلان و بەرنامەی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) رايگەیاند، لە ساڵانی پێشوو هەنگاو بە هەنگاو گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتن بەسیستمی ناوەندی وەرگرتن کراوە بەشێوەیەک لە وەرگرتندا تەواوی خواست و ئارەزووی خوێندکار بەرجەستە بکرێت، گوتیشی: "ساڵی رابردوو ڕێژەی سەرووی (55%)ی کورسیەکانی خوێندن بۆ دەرچوانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بوو، هەروەها ڕێژەی (45%)ی کورسیەکانی خوێندنیش بۆ ئەوانە بوو کە لە خولی دوەم دەرچوون".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا راشی گەیاند: "بۆ ئەمساڵی خوێندنیش راگەیاندنی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆو پەیمانگەکان هاوشێوەی ساڵی رابردوو بە دوو قۆناخ دەبێت بەڵام بەگۆڕانکارییەوە، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکی دەرچون ڕێژەیەکی گونجاو لە پلانی وەرگرتن دادەنرێت، بۆ ئەوەش تا ئاستی (70%)ی کورسیەکانی خوێندن لە کۆلێژ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت بۆ دەرچوانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، هەروەها ڕێژەکەی تری دەمێنێتەوە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەردەچن".
ڕوونیشی کردەوە، ئامانج لەو بڕیارە بۆ زووتر دەستپێکردنی خوێندنە بۆ قۆناخی یەکەم لە زانکۆکانە، دەشڵێت: "لە ساڵی رابردوودا هەمان شێوازی دوو قۆناخی بەسەرکەوتووی پیادە کراوەو دەرەنجامەکانی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرەو پێش بردنی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکان هەبووە".
شایانی باسە ئەمساڵ لە قۆناخی یەكەم 18ی پۆلی 12 بەشی وێژەیی و 28%ی بەشی زانستی لە تاقیكردنەوەكان دەرچوونە.
باسنيوز
