بەڕێوەبەرایەتیی ئاو زانیاری لەبارەی پرۆژەی هەولێر - چوار دەخاتە ڕوو
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، لەبارەی دروستکردنی ئەو کۆگایەی کە بڕیار بوو، لەلای مۆنۆمێنتی شەهیدان، لە شاری هەولێر دروست بکرێت، ڕایگەیاند: ”ئێمە کۆگا لەلای مۆنۆمێنتەکە دروست ناکەین، لەبەر ئەوەی خۆی کۆگایەکی ئاوی لێیە کە دوو هەزار مەتر سێجار ئاو دەگرێت، بۆیە هێڵێک لە عەمباری سەرەکی هەولێر لە سنووری هەولێری نوێ هەیە، سەر بە پرۆژەی ئیفرازی سێیە، ئێمە هێڵێکی سەرەکی لێ دەبەین بۆ ئەو کۆگایە“.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەو کۆگایە تەنیا هەندێک لە گەڕەکەکانی شارەدێی کەسنەزان دەتوانن لێی سوودمەندبن، هەورەها تا ئێستا نزیکەی 15٪ی کارەکانی تەواو بووە، هێڵەکەشی 11 کیلۆمەترە و بە پێی پێشبینی کۆمپانیاکە تا دوو مانگی دیکە کارەکانی تەواو دەبێت.
ئاشکراشی کرد، کە داهاتوودا پرۆژەی هەولێر - چوار کە لە پێنج کۆگای ئاوی سەرەکی پێکدێت لەسەر شەقامی 150ی دروست دەکرێت، ئەو پرۆژەیەش هەموو شاری هەولێر لێی سوودمەند دەبێت.
باسنیوز
