قایمقامی سۆران زانیاری لەبارەی تۆمارکردنی جۆرە نەخۆشییەک ئاشکرا دەکات
کرمانج عزەت، قایمقامی سۆران ڕایگەیاند: ”ڕۆژی ھەینی 29/6/2018، کەسێک کە خەڵکی ھەولێرە بووە لە نەخۆشخانەی سۆران نەخۆشییەکەی تۆمار کراوە، بەڵام دواتر بە ئامبوڵانس ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکای شاری ھەولێر کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڤایرۆسە ئەوەندە گەورە نییە، کە خەڵک باسی دەکات“.
ڕوونیشی کردەوە، کە نازانێت جۆری نەخۆشی ئەو کەسە لە ڕووی زانستییەوە چی پێ دەگوترێت، بەڵام لەنێو خەڵکیدا بە ناوی (تای خوێنبەربوون) ناسراوە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە بۆ خۆپاراستن، نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران "بە گشتی دەوامی تێدا نەکراوە و تەعقیمیان کردووە".
ئەوەشی خستە ڕوو، کە سبەی یەکشەممە 1/7/2018 دەوام لە نەخۆشخانەی ئاشتیدا ئاسایی دەبێتەوە، ھەروەھا ڕۆژانەش لەو نەخۆشخانەیەدا پێشوازی لە 400 نەخۆشی دەکرێت.
ھەر لەبارەی ئەو نەخۆشییەوە، ئەمڕۆ شەممە، د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکەومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ژوورێکی عەمەلیاتیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگاکان پێکھێناوە".
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ھەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە نەگاتە ھەرێمی کوردستان و تاکوو ئێستا ھیچ حاڵەتێک لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".
(تای خوێنبەربوون) پەتایەکی ڤایرۆسیییە و مەترسیی گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ھەیە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی مردن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەو ھۆیەوە تۆمار کراون.
باسنیوز
